شەپۆلى نوێى کۆرۆنا جیهان دەگرێتەوە، بەریتانیا لەبەردەم مەترسیەکى نوێدا

05:08 - 20/09/2020
جیهان

بۆ دووەم جار لە ماوەی سێ رۆژدا وەزیری تەندروستی بەریتانیا هۆشداری دەدات لە دووبارە تەشەنەکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی، راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆش بەدوور نازانێت.

مات هانکوک، وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەیشتوینەتە خاڵی یەکلاکەرەوە لە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا و لە ئێستادا لەبەردەم تەنها یەک بژاردەداین ئەویش بریتیە لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، لە حاڵەتی پابەند نەبونیشیدا ناچار دەبین رێوشوێنی دیکە بگرینەبەر.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا راشیگەیاندوە، راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بە دوورنازانرێت و یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان.

قسەکانی وەزیری تەندروستی بەریتانیا دوای ئەوەدێت کە لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە بەشێوەیەکی خێرا بەرزبوەوە و تەنها لە یەک رۆژدا (4) هەزار حاڵەت تۆمارکرا.

3545 جار خوێندراوەتەوە