هەواڵێكی خۆش بۆ توشبوانی كۆرۆنا لەبارەی تەندروستی سییەكانەوە

09:21 - 10/09/2020
تەندروستی

زۆرینەی پسپۆڕانی تەندروستی سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردنی زانیاری نوێن لەبارەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر جەستەی مرۆڤ بەتایبەت كۆئەندامی هەناسەدان، كە یەكەم ئامانجی ڤایرۆسەكەیە و زۆرترین كاریگەری لەسەر دروست دەكات، نوێترین توێژینەوەش هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ توشبووان ئاشكرا دەكات و هیوایەكی زیاتریان بۆ دەگێڕێتەوە.

ئەو توێژینەوە نوێیە لە نەمسا ئەنجامدراوە و پێشكەشی كۆمەڵەی ئەوروپی بۆ كۆئەندانی هەناسەدانی نێودەوڵەتی كراوە، ئاشكرای كردووە سییەكان دوای توشبونیان بە كۆرۆنا دەتوانن لەماوەی سێ مانگدا خۆیان چاكبكەنەوە، ئەوانەش كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گرفت لە سی و دڵیاندا دروستبووە، بەپێی تێپەڕبونی كات دۆخی تەندروستیان باش دەبێت.

پسپۆڕان دەڵێن بەپێی ئەو پشكنینانەی لە هەفتەی دوانزەیەمدا بۆ چەندین نەخۆشیان كردووە، زیاتر لە 50%یان هیچ كێشە و گرفت و ئاسەوارێكی ڤایرۆسەكە لەسەر سییەكانیان نەماوە.

هەرچەندە باس لە چەند مەترسییەكی درێژمەودای كاریگەری كۆڤید 19 لەسەر نەخۆشەكان كراوە، بەڵام ئەمە یەكەم توێژینەوەیە باس لەوە بكات سییەكان خۆیان چاكدەبنەوە بەپێی تێپەڕینی كات.

توێژینەوەكە لە ناوچەی تیرۆلینی نەمسا لەسەر حاڵەتی 86 نەخۆش ئەنجامدراوە كە لەماوەی نێوان 29 نیسان بۆ 9 حوزەیران بەهۆی كۆرۆناوە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، دواتر بۆ ماوەكانی (6،12،24) هەفتە لە دەرچونیان چاودێری كراون.

لە یەكەم سەرداندا كە دوای شەش هەفتە بووە، زیاتر لە نیوەیان كێشەی هەناسە توندی و كۆكەیان هەبووە و 88% یان گرفت لە سییەكانیاندا هەبووە، بەڵام لە دووەم سەرداندا %56 گرفتی سییەكانیان نەماوە و تەندروستیان بە تەواوی باشبووە، دوای سێهەم سەردانیش ڕێژەكە بۆ 65% بەرزبۆتەوە.

هەناسە توندی بڵاوترین كێشەی تەندوستی ئەو كەسانە بووە كە 40 نەخۆشیان واتە 47%ی بەشداربووەكان هەیانبووە، دواتر كۆكە 13 نەخۆش، زۆرینەشیان دوای هەفتەی 12 كێشەی سییەكانیان نەماوە، هەروەها ئەمە یەكەمجاریشە ئەنجامی توێژینەوەیەك لە ماوەی 24 هەفتەدا دەربكەوێت.

د.سابینا ساهانیك كە كاری لەسەر توێژینەوەكە كردووە دەڵێت "هەواڵە خراپەكە ئەوەیە، چەند هەفتەیەك دوای دەرچوون لە نەخۆشخانە سییەكان دۆخیان خراپ دەبێت، بەڵام بە تێپەڕینی كات و دوای چەند هەفتەیەك دۆخەكە باشتر دەبێت كە ئەوەش هەواڵە دڵخۆشكەرەكەیە و مانای وایە سییەكان دەتوانن خۆیان چاكبكەنەوە".

ئەوانەی توێژینەوەكەیان لەسەر ئەنجامدراوە دۆخی جیاوازیان هەبووە ئەوەش سودی بۆ ئەنجامەكان هەبووە، بەجۆرێك ناوەندی تەمەنیان 61 ساڵبووەو لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بوون، نیوەیان جگەرە كێش بوون، 10 كەسیان كێشە قەڵەوییان هەبووە، 5 دیكەشیان لەكاتی نەخۆش كەوتنیان لە بەشی چاودێری ورد ماونەتەوە و ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان بۆ بەكارهێنراوە.

6525 جار خوێندراوەتەوە