کازمى: سەروەری خاکی عێراق ئەو وشەیەیە کە بواری کەمتەرخەمی کردنی تێدانییە

06:16 - 10/09/2020
عێراق

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایدەگەیەنێت، ئێستا دەرفەت گونجاوە بۆ کاری هاوبەش بەجۆرێک خزمەتی هاوڵاتیانی عێراق بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (10/9/2020) مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و شاندێکى باڵاى حکومەتى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد و لەگەڵ شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبونەوە.

نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوە و چەند پرسێکی نێوان هەولێر و بەغدادیان تاوتوێکردوە.

بەپێى راگەیەنراوەکە، کازمی ئەزمونی هاوکاری ئەمنی و هەماهەنگی نێوان هێزە چەکدارەکانى بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش و یارمەتی یەکگرتنی نیشتمانی و سەرکەوتنیداوە بەسەر ئەو گروپەدا.

باسی لەوەش کردوە، سەروەری خاکی عێراق ئەو وشەیەیە کە هەموو عێراقییەکان کۆدەکاتەوە و بواری کەمتەرخەمی کردنی تێدانییە.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوە کردوە، ئێستا دەرفەت گونجاوە بۆ کاری هاوبەش بەجۆرێک خزمەتی هاوڵاتیانی عێراق بکرێت، هاوکات جەختیکردەوە لە پەلەکردن بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنی پێش وەخت.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی ئاشکرای کردوە، ئامانجی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوانیانە، بەجۆرێک چارەسەرەکە درێژخایەنبێت، هاوکات پشتگیری هەوڵەکانی کازمی کرد بۆ چاکسازی لەسەرجەم بوارەکاندا.

371 جار خوێندراوەتەوە