ریزبەندی دەركەوتنی نیشانەكانی كۆرۆنا

09:58 - 03/09/2020
تەندروستی

چەند پسپۆڕێكی ئەمریكی لەڕێی توێژینەوەیەكەوە ریزبەندی و كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی كۆرۆنایان دیاریكردووە، ئەوەش سودی بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە دەبێت بەشێوەیەكی وردتر و خێراتر.

توێژینەوەكە لەلایەن چەند پسپۆڕێكی زانكۆی كالیفۆڕنیاوە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری (Frontiers in Public Health) ئەنجامەكەی بڵاوكراوەتەوە.

پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە، دەركەوتنی نیشانەكانی توشبوون بە كۆڤید 19 بەپێی ڕیزبەندییەكە و سەرەتا لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشەوە دەستپێدەكات، كۆكەی بەدوادا دێت و پاشان ئازاری ماسولكەكان دەستپێدەكات، بەدواشیدا دڵتێكەڵهاتن و رشانەوە، لە كۆتایشدا كەسەكە توشی سكچوون دەبێت.

زانینی ریزبەندی دەركەوتنی ئەو نیشانانە یارمەتیدەرێكی باشە بۆ زوو دەستنیشانكردنی توشبوونی كەسێك بە كۆرۆنا و كەرەنتینە كردن و جیاكردنەوە لە كەسانی دەوروبەری.

جوزێف لارسن سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێت: "لەئێستادا چەند ڕێگایەكی یارمەتیدەر هەیە بۆ چارەسەری كۆرۆنا، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەش یارمەتی زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە دەدات، بەوەش دەتوانرێت چارەسەرەكان زووتر بەكاربهێنرێت و كەسەكە خێراتر چاكببێتەوە".

توێژینەوەكە باسی لەوەش كردووە، یەكەم نیشانەی كۆڤید 19 بەرزبونەوەی پلەی گەرمییە، بەڵام یەكەم نیشانەی توشبوون بە ئەنفلۆنزا كۆكەیە، ئەوەش دەكرێت وەك خاڵی جیاكەرەوەی نێوان كۆرۆنا و پەتای وەرزی سەیر بكرێت.

ئەو نیشانانەی كۆرۆنا هاوشێوەی نیشانەكانی چەند نەخۆشییەكی دیكەیە، وەك سارس و مێرس، بەڵام ئەوەی جیایاندەكاتەوە، كات و نیشانەكانی كە لە بەشی سەرەوە و خوارەوەی كۆئەندامی هەرسدا دەردەكەوێت.

كەسی توشبوو بە كۆرۆنا لەسەرەتادا نیشانەكانی لە بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەرسدا هەستی پێدەكرێت كە خۆی لە دڵتێكەڵهاتن و ڕشانەوەدا دەبینێتەوە، دواتر دێتە بەشی خوارەوەی كۆئەندامەكە كە نیشانەكەی سكچونە، بەڵام لەكاتی توشبوون بە نەخۆشییەكانی سارس و مێرس ئەوە بە پێچەوانەوە روودەدات.

13733 جار خوێندراوەتەوە