دادگا سزای بەسەر هێرشکەری سەر مزگەوتەکانی نیوزلەندا سەپاند

09:41 - 27/08/2020
جیهان

تاوانباری هێرشکردنە سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا کە بووە هۆی شەهیدبوونی (51) کەس، (برێنتۆن تارانت)سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

 

 
(برێنتۆن تارانتی) تەمەن(29) ساڵ تەقەكەرەكەی نیوزلەندا كە بەرەگەز ئوستورالییە بەتۆمەتی كوشتنی (51) كەس و برینداركردنی زیاتر لە (40)كەسی دیكە لە مزگەوتەكانی نیوزلەندا، دوای ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنی رۆژی (24)ی ئەم مانگە دادگایی كردنی دەستپێكرد و ئەمڕۆش دادگا سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند.

 

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس، تەقەكەرەكە پێنج چەكی بەكارهێناوە كە دوانیان چەكی ئۆتۆماتیكی بوون و دوانیشیان چەكی ئاسایی بوون، كە بەڕێگەی یاسایی دەستدەخرێت مۆڵەتی ئاسایی هەڵگرتنی چەكیشی هەبووە.

 

ئەمڕۆ دوای چەند رۆژێك لە بەردەوام بوونی دادگاییەكەی كە ئامادە نەبوو پارێزەری هەبێت، دادگا قورسترین سزای وڵاتەكەی بەسەردا سەپاند، كە سزای زیندانی هەتاهەتایی بووە بە بێ گرتنەوەی هیچ لێ خۆشبوونێك بۆی.

 

 

تارێنت لە (15 ئازاری 2019) دا پیلانی وابوو هێرش بكاتە سەر سێ مزگەوتی موسڵمانان لە رۆژی هەینیدا،  بەڵام دوای هێرشكردنە سەر دوو مزگەوتیان و لە كاتی بەڕێكەوتنی بۆ مزگەوتی سێهەم لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە رێگری لێكرا و دەستگیركرا.

 

 

تارانت لە یەكەم هێرشیدا بۆ سەر مزگەوتی ئەلنوور 44 كەسی كوشت و35ی دیكەی بریندار كرد، دواتر هێرشیكردە سەر سەنتەری ئیسلامی لینوود و لەئەنجامدا حەوت كەسی كوشت و پێنجی دیكەی بریندار كرد، سەرجەمی هێرشەكەشی بە شێوەی لایڤی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان تۆمار كرد و روودجاوەكە كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی ناچار كرد چەند گۆڕانكاریەك لە مەرجەكانی پەخشی راستەوخۆ بكەن.

2327 جار خوێندراوەتەوە