ترەمپ: عێراقییەکان دۆلارى سەوزى ئەمەریکى بەکاردەهێنن

07:10 - 20/08/2020
جیهان

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، سەرۆکى ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانى عێراق، جەخت لە پەیوەندى نێوان هەردو وڵات دەکەنەوە.

لە دواى کۆبونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا و مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆنگرەیەکى رۆژناوانیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ترەمپ، باسى لە رۆڵى ئەمەریکا لە عێراق کرد و رایگەیاند: من کە بوم بەسەرۆکى ئەمەریکا، داعش روبەرێکى زۆرى لە عێراق و سوریا داگیرکردبو، ئەوەش بەهۆى ئیدارەکەى ئۆباماوەبو، بەڵام ئێمە تێکمان شکاندو بەتەواوى لەناومان بردن.

وتیشى: پەیوەندییەکى زۆر باشمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەشدارین لە پرۆسەى دەرهێنانى نەوت، ئەوانیش دۆلارى سەوزى ئەمەریکى بەکاردەهێنن کە بەنرخترینە لەسەر ئاستى جیهان.

باسى لەوەشکرد،  ژمارەیەکى کەم لە هێزەکانیان لە عێراق ماونەتەوە، ئەوەش بۆ بەرپەرچدانەوەى هەرەشەکانى ئێرانە.

لەبارەى کشانەوەى هێزەکانیان لە عێراق، سەرۆکى ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئەو کاتەى عێراق توانى بەرگرى لە خۆى بکات ئەو کاتە لە عێراق دەکشێنەوە.

لاى خۆیەوە مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند: دەستێوەردانى تورکیا لە سەروەرى عێراق قبوڵکراو نیە و رێگەى پێنادەین.

وتیشى: رێگە نادەین کەس هەڕەشە لە عێراق بکات و دەمانەوێت تورکیاش لە بارودۆخى عێراق تێبگات.

هەروەک باسى لەوەشکرد، عێراق پێشوازى لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەى وڵات.

ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە کۆبونەوەیەکی  لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەچو، کە زۆربەی رێککەوتنەکان لەو کۆبونەوەیدا واژۆکران.

1819 جار خوێندراوەتەوە