ئەگەر لەئۆتۆمبیلەكەتدا بە دەنگی بەرز گوێ لە گۆرانی دەگریت، ئەم هەواڵە بخوێنەرەوە

10:05 - 15/08/2020
هەمەڕەنگ

بەشێكی شۆفێران لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان گوێ لە گۆرانی و مۆسیقای جیاواز دەگرن، هەندێكیان دەنگەكەی بەڕادەیەك بەرز دەكەنەوە كە كاریگەری لەسەر شۆفێرییەكەیان دروست دەكات.

 

 
تۆماس فاجنەر پسپۆڕی زانستی دەرونی و ئەندامی ڕێكخراوی پشكنینی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەكات، جۆر و ریتمی ئەو مۆسیقایەی شۆفێرەكە گوێی لێدەگرێت هەروەها بەرز و نزمی دەنگەكەی كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر شۆفێرییەكەی دەبێت.

 

فاجنەر دەڵێت "ئەو شۆفێرانەی گوێ لە گۆرانی دەگرن بەدەنگی بەرز خێراتر ئۆتۆمبیل لێدەخوڕن و سەركێشی دەكەن بێ ئەوەی هەستی پێبكەن، ئەمە جگە لەوەی وردبینییان كەمدەبێتەوە بەراورد بە شۆفێریكردن لە دۆخێكی ئاساییدا".

 

ئەو پسپۆڕە باسی لەوە كردووە، كاتێك شۆفێر گوێ لە گۆرانییەك دەگرێت كە حەزی لێیەتی كاریگەری لەسەر هەستەكانی دەبێت و توشی هەیەجانی دەكات ئەوەش مەترسی لەسەر سەلامەتی خۆی و شۆفێرەكانی دەوروبەری دروست دەكات.

 

ئەو تێكەڵاوبوونە لەگەڵ گۆرانییەكە وادەكات شوفێر 100% وردبینییەكەی بۆ لێخوڕین بەكارنەهێنێت و سەرقاڵبێت بە وتنەوەی گۆرانیەكە و چێژ وەرگرتن لێی، ئەوەش مەترسی دروست دەكات و ئەگەری هەیە ڕووداوی هاتوچۆی لێبكەوێتەوە.

 

سیستمی دەنگی ئۆتۆمبێل یەكێكە لەو بابەتانەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل گرنگی پێدەدەن و زۆرێك لە كۆمپانیاكانیش لە ڕابردوودا شانازییان بە بەرزی و بەهێزی ئەو سیستمەوە دەكرد، چونكە لای شۆفێر و سەرنشینەكان زۆر گرنگ بووە، بەڵام لەئێستادا و دوای ئەوەی چەند توێژینەوەیەك ئەو مەترسیانەیان ئاشكرا كردووە، ئەو بابەتە لە ڕیكلامی ئۆتۆمبێلەكاندا زۆر باس ناكرێت.

3181 جار خوێندراوەتەوە