بوکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماتەمدایە

10:21 - 05/08/2020
جیهان

لە رۆژی سێشەممەوە سەرجەم سەرنجەکان روویان لە بوکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە بە دووکەڵی تەقینەوەیەکی چڕ داپۆشرا و شەقام و باڵەخانەکانی لە خوێن هەڵکێشران، بەیروتی پایتەختی لوبنان شاری گەشتیاری و کەنار دەریا، سەرزەمینی پێکهاتە و ئاینی جیاواز، وڵاتی ململانێ سیاسیەکان لە ماتەمدایە.

 

 

دوانیوەرۆی سێشەممە، دانیشتوانی بەیروت گوێیان بە دەنگى تەقینەوەیەکی بەهێز زرینگایەوە، کە لە کۆگایەکی بەندەری بەیروتدا روویدا و تائێستا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، دوو هەزار و ٧٥٠ تەن لە مادەی نیتراتی ئەمونیوم تەقیوەتەوە، کە بەشێوەیەکی نا تەندروست لە کۆگاکەدا بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵگیرابوو.

 

لە رۆژی چوارشەممەوە تا رۆژی هەینی لوبنان لە پرسەی سەرتاسەریدا دەبێت و بۆ ماوەی دوو هەفتەش لە حاڵەتی باری لە ناوکاودا دەبێت و بۆ ئەوەش ٦٦ ملیۆن دۆلار دابینکراوە.

 

بەرپرسانی لوبنان تا ئێستا بەتەواوەتی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەیان ئاشکرانەکردوە کە بووەتە هۆی تەقینەوەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندوە گومان دەکرێت بەهۆی لەحیمکردنی کونێکی کۆگاکەوە ئاگرەکە کەوتبێتەوە.

 

جۆرج کتانی ئەمینداری خاچی سوری لوبنانی رایگەیاند بەلایەنی کەمەوە سەد کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش برینداربوون، پێشبینی بەرزبونەوەی زیاتری قوربانیەکانی کردووە.

 

 دەنگی تەقینەوەکەوە بەجۆرێک بووە، دانیشتوانی قوبرس دەنگەکەیان بیستووە، بەپێی ناوەندی چاودێری بومەلەرزەی ئەردەن تەقینەوەكە هێزی (4.5) پلەی ڕێختەری بومەلەرزەیەكی هەبووە و بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندنی جیۆلۆجی ئەوروپیش لە دووری (240) كیلۆمەترەوە تەقینەوەكە هەستی پێكراوە و هێزی تەقینەوەی (15000) هەزار كیلۆگرام TNT هەبووە.

 

تەقینەوەکە یادەوەری تاڵی شەڕی ناوخۆی نێوان ساڵانی (1975 تا 1990) هێنایەوە بیری لوبنانیەکان، هەروەها کەوتنە هەمان ئەو دۆخەی کە لەژێر بۆردومانی توندی ئیسرائیل و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلدا بوون و هەندێکیشیان هەستیان کرد بومەلەرزەیەکی بەهێز وڵاتەکەیانی هەژاندووە.

 

مەروان عەبود پارێزگاری لوبنان نیوەرۆی چوارشەممە رایگەیاند زیانە مادییەکانی تەقینەوەکە لە نێوان (3 بۆ 5) ملیار دۆلار دەبێت، ئەم تەقینەوە لەکاتێکدایە وڵاتەکە بەسەخترین دۆخی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ توندبونەوەی ناکۆکیە سیاسیەکاندا گوزەرانی خەڵکیش بەرەو خراپی رۆیشتووە.

 

تەقینەوەکە بۆ روویدا؟

 
زۆربەی لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن تەقینەوەکە بەهۆی گڕگرتنی 2750 تەن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە، کە خوێیەکی کریستاڵیی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە و لە کارلێکی ئامۆنیا  و ترشی نیتریکەوە دروست دەبێت، کە ماددەیەکە لە پەینی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێت و نایترۆجینی پێویست بۆ ڕوەکەکان دابین دەکات تاکو گەشە بکەن. ماددەکە لە ئاودا دەتوێتەوە و هەروا گڕناگرێت، بەڵام لە کاتی تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەو ماددانەدا کە توانای گڕگرتنیان هەیە بە ئاسانی دەسووتێت. بۆ نموونە لە کاتی تێکەڵبوونی لەگەڵ نەوتدا دەبێتە یەكێک لە بەهێزترین تەقەمەنییەکان. ئامۆنیۆم ئۆکساید بۆ خۆی و بەتەنیا تەقەمەنی نییە و ناتەقێتەوە، مەگەر گەرم بکرێت یان گڕی تێبەربدرێت بەڵکو ئۆکسێنەرە، ئۆکسجین بۆ ئاگر دابین دەکات، بۆیە لە دروستکردنی تەقەمەنیشدا بەکاردەهێنرێت.
دەوترێت ئەم بڕە زۆرەی مادەکە لە ساڵی 2014 ەوە لەسەر پشتی کەشتییەک کە لە رێگادا بوو بەرەو ئەفریقیا و پەکی کەوت، دەستیبەسەرداگیرا.

 

 

چیرۆکەکە بەو جۆرەیە لە 23ی دیسێمبەری 2013دا، کەشتییەکی بارهەڵگر لە بەندەری باتۆمییەوە لە جۆرجیا، لە رێگەی دەریای رەشەوە بەڕێوەبووە بۆ ئەوەی بگاتە مۆزەمبیق. کەشتییەکە بڕی 2750 تەن لە نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتووە و لە رێگەدا پەکی کەوتووە لە ناوچەیەکی نزیک لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی لوبنان.

 

 

کەشتییەکە پەنای بردووەتە بەر بەندەری بەیروت بۆ چاککردنەوەی کەموکورتییەکەی و سەرلەنوێ بەڕێکەوتنەوە، بەڵام لە کاتی کارکردن بۆ چاککردنەوەیدا، دەرکەوتووە کێشەی زۆر گەورەتری هەیە و وا بە ئاسانی ناتوانێت بەڕێ بکەوێتەوە.

لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، دەسەڵاتدارانی دەریاوانی لوبنانی، لە ساڵی 2014دا دەستیانکردووە بەبەتاڵکردنی باری سەر کەشتییەکە، لەوکاتەوە بارەکە بۆ کۆگای ژمارە 12ی بەندەرەکە گواستراوەتەوە و لەوێدا هەڵگیراوە بەبێئەوەی کەس لێی بپرسێتەوە.

میشێڵ عەون، سەرۆکی لوبنان لە تویتێکدا جەختیکردەوە کە کارێکی قبوڵنەکراوە دوو هەزار و ٧٥٠ تەن نیترانی ئامونیۆم بۆ ماوەی شەش ساڵ لە کۆگاکەدا هەڵگیرابێت بەبێ هیچ رێکارێکی خۆپارێزی، هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەی کرد کە بەرپرسن لەو کارە.

 

 

 گومانەکان لەسەر تەقینەوەکە؟

 

بەرپرسانی ئەمریکی بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی تەقینەوەکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، جەنەڕاڵ و شارەزایانی سەربازی ئەمریکا پێیانوایە تەقینەوەکەی بەیروت جۆرێکە لە هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە و تەقینەوەکەش لە ڕێی جۆرێک لە بۆمبەوە بووە.

بەڵام سێ سەرچاوەی فەرمی پنتاگۆن رایانگەیاندووە، ئەگەر هێزی سەربازی ئەمریکا بچوکترین بەڵگەی هەبوایە کە ئەم تەقینەوەیە لە ئەنجامی هێرشەوە روویدا بێت، ئەوا ئەمریکا رێکاری نوێ و بەپەلەی دەگرتەبەر.

زۆربەی وڵاتانی جیهانیش هاوسۆزی خۆیان بۆ لوبنان ناردوە و ئامادەیی هاوکارییان نیشانداوە.


366 جار خوێندراوەتەوە