لە مانگی رابردوودا عێراق (85) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە

08:51 - 01/08/2020
عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی وڵاتەکە لە مانگی تەمموزی رابردودا زیاتر لە 85 ملیۆن بەرمیل بوە، داهاتەکەشی زیاتر لە سێ ملیار و 487 ملیۆن دۆلاربوە.

 

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی رابردودا گەیشتوەتە(85 ملیۆن و 660 هەزار و 290) بەرمیل نەوت، داهاتەکەشی (سێ ملیار و 487 هەزار و 139)هەزار دۆلار بوە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، کۆی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق گەیشتوەتە 82 ملیۆن و 700 هەزار و 381 بەرمیل، لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیش دو ملیۆن و 701 هەزار و 15 بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جیهان رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.


وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکردوە، تێکڕای هەناردەی  رۆژانەی نەوت لە مانگی رابردودا دو ملیۆن و 763هەزار بەرمیل بوە، لەو رێژەیەش دو ملیۆن و 668 هەزار بەرمیلی لەرێگەی بەندەرەکانی بەسڕەوە هەناردەکراوە، لە بەندەری جیهانیش رۆژانە 87 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، تێکڕای نرخی نەوتیش بۆ هەر بەرمیلێک 40.708 دۆلار  بوە.

257 جار خوێندراوەتەوە