کازمى و کۆمسیۆن هەڵبژاردنى پێشوەختەیان تاوتوێکرد

09:34 - 30/07/2020
عێراق

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنى پیشوەختەیان تاوتوێکرد.

 

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە، هەروەها دابینکردنی پێدوایستییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی لەو وادەیەی کە بڕیارە دیاری بکرێت، کراوە. 

 

لە میانی دیدارەکەدا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت.

 

کازمی، ئامادەیی حکومەتی نیشانداوە لە دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی دەکەوێتە ئەستۆی، بەتایبەت تەرخانکردنی خەرجی پێویست بۆ کۆمسیۆن و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەسەر بنەما و پێوەری نێودەوڵەتی. 

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کازمی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پەلە بکەن لە دەرچوواندنی یاسای هەڵبژاردنەکان وەک مەرجێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا. 

 

جەلیل عەدنان خەلەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، راپۆرتێکی لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەی پێشکەش کرد. 

222 جار خوێندراوەتەوە