هەرێم؛ وەرگرتنەوەى قەرزى کۆمپانیاکان دەستیپێکرد

01:35 - 14/07/2020
ئابوری

وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت لە کۆمپانیا و سەرمایەداران دەستیپێکردووە و تائێستا قەرز لە دوو قەرزار وەرگیراوەتەوە، هەرچەندە رێکارەکان دەستپێکردووە، بەڵام هەنگاوەکان بە خاوی بەرێوەدەچن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (850) ملیار دینار قەرزی لای كۆمپانیاكانە، رۆژی (10/2/2020) بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان بە وەکالەت، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بانکە بازرگانیەکان کرد بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکان و سێ مانگ مۆڵەت درا بە کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان قەرزەکانیان بگەڕێننەوە و مۆڵەتەکە (10/5/2020) کۆتایی هات.

سەرەتای مانگی پێنچی رابردوو لەگەڵ کۆتایهاتنی مۆڵەتەکەدا، حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا رێکارە یاساییەکانی وەرگرتنەوەی قەرزەکان دەستپێبکات.

دوای تەواوبوونی ماوەی سێ مانگەكە رێكارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە تەواوبووە کە قەرزیان لایە و یەکێک لە رێکارەکانیش دەستگرتنە بەسەر ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە بۆ وەرگرتنی قەرزەكانیان.

 

سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکان تەواوبوون

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ى راگەیاند، لە بابەتی قەرزە بازرگانییەکان هەموو رێکارە یاساییەکان تەواوبوون.

وتیشی: کۆی گشتی قەرزەکان (850) ملیار دینارە و تا ئێستا نزیکەی (500) ملیۆن دینار لە دوو خاوەن قەرز وەرگیراوەتەوە لە هەردوو بانکی زاگرۆس و عەنکاوە، بەرامبەر ئەوانی تریش رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر.

 

دەست بەسەر موڵکەکەدا دەگیرێت

بەپێی رێکارەکان؛ پاش ئاگادارکردنەوە نوسراو دەکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتى خانووبەرە و لەوێ تەئکید دەکرێتەوە لەوەی ئەو موڵکەی بەرامبەر قەرزەکە رەهنکراوە ئایا بەردەوامە لەسەر رەهنەکە، ئەگەر رەهنەکە بەردەوام بوو ئەو کاتە لە راگەیاندن بڵاودەکرێتەوە و بۆ دوایینجار خاوەن قەرزەکە ئاگادار دەکرێتەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) وتیشی: ئەگەر خاوەن قەرز هەر وەڵامی نەبوو ئەو کاتە ئاڕاستە جێبەجێکردنى دەکەین و لەوێوەوە موڵکەکە دەفرۆشرێت و حکومەت پارەکەی خۆی وەردەگرێتەوە، ئەگەر هەر نەفرۆشرا وەزارەتی دارایی بۆی هەیە ئەو موڵکە بەناوی خۆیەوە بکات.

سەرچاوەکە زیاتر رونیکردەوە، بۆ ماوە دوو ساڵ وەزارەتی دارایی ناتوانێت موڵکەکە بفرۆشێت نەوەک خاوەن قەرزەکە لەو ماوەیەدا قەرزەکە بداتەوە، ئەگەر نەیگەڕێنێتەوە ئەو کات وەزارەتی دارایی دەتوانێت خۆی موڵکەکە بەکاربهێنێت یان بیفرۆشێت.

 

نزیکەى (150) کۆمپانیا قەرزدارى حکومەتن

لەسەروەختی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان لە پێش بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە ساڵی (2014)، كۆمپانیا و بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت کە نزیکەی (150) کۆمپانیا و سەرمایەدارن و ئەو قەرزانە بەڕێژەیەك سود دراون بە كۆمپانیا‌ و بازرگانەكان، بەڵام رێژەی سودەكە بۆ هەریەكێك لەوانەی قەرزەكەیان وەرگرتووە جیاوازە‌و وەكو یەك نییە.

جگە لە کابینەی نۆیەم کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازییدا بریاریداوە قەرزەکانی لە کۆمپانیا و سەرمایەداران وەربگرێتەوە، کابینەی هەشتەمیش ساڵی (2015) بڕیاریدا لەماوەی مانگێكدا قەرزەكان لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت موڵكە بارمتەكراوەكانیان دەفرۆشێت، بەڵام بریارەکە جێبەجێنەکرا.

1177 جار خوێندراوەتەوە