وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دەتوانین رێکاری ئابوری دژ بە تورکیا بگرینەبەر

02:30 - 03/07/2020
عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە بۆ راگرتنی بۆردومانەکان و فشارخستنە سەر توركیا، چەكی ئابوری و بازرگانی بەكاربهێنن.

 

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێشتا بڕوای هەیە دەكرێت گرژییەكان بە رێگەی سیاسی چارەسەر بكرێت و كۆتایی بە هێرشە سەربازییە تاكلایەنەكان بهێندرێت، ژمارەیەك رێكار و بەرژەوەندی هەیە كە عێراق خستویەتییە ریزی یەكەمین هەنگاوە خێراكانی، لەئێستادا دەیان كۆمپانیای توركی هەیە لە بەغدا و لە ناو عێراق كاردەكەن.

 

باسی لەوەشکردووە،عێراق دەتوانێت داوای دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات لەگەڵ كۆبونەوەی بەپەلە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە كۆمكاری عەرەبی، دەشتوانێت رێكاری ئابوری دژ بە توركیا بگرێتەبەر.

 

راشیگەیاندووە "دەمانەوێت بەردەوامبین لەسەر هەڵوێستەكانمان بۆ رێزگرتن لە دراوسێكانمان و سەرورەی نیشتیمانی، ناشبێت خاكی عێراق بۆ زیان گەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دیكەی هاوسێ بەكاربهێندرێت، پێویستە بەردەوامیبدرێت بە هەماهەنگی و گفتوگۆ لەنێوان هەردولادا، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە چالاكیانە ئاستی گرژییەكان زیاتردەكات و ئەنجامیان نابێت".

 

ئەو قسانەی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا جارێکی تر بۆردومانی ناوچەی دێرەلوك و شیلادزێ- یان لە هەرێمی كوردستان کرد.

2063 جار خوێندراوەتەوە