بەجێبەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە منداڵەكەت لە ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا بپارێزە

10:20 - 01/07/2020
تەندروستی

لەئێستا خەمی زۆرینەی دایكان و باوكان پاراستنی منداڵەكەیانە لە ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرنگیدان بە تەندروستییان، پسپۆڕانی خۆراكیش چەند ڕێنماییەكیان خستۆتەڕوو تا بەرگری لەشی منداڵ بەهێز بێت و لەئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا و كێشە تەندروستییەكانی دیكە پارێزراوبێت.

 
نیشانەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لای منداڵیش تاڕادەیەكی زۆری هاوشێوەی كەسانی پێگەشتووە، وشكە كۆكە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشی لەگەڵدایە، بەڵام لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا منداڵ بە سوكتر دەیگرێت.

خاڵی بەهێز بۆ پاراستنی منداڵ لە ڤایرۆسەكە بەهێزكردنی بەرگری لەشە، لەو بارەیەشەوە چەندین دامەزراوەی گەورەی جیهان تایبەت بە تەندروستی منداڵ ڕێنماییان پێشكەشكردووە لەوانەش ڕێكخراوی یونسێف.

دیارترین ڕێنماییەكان بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەشی منداڵ بەرامبەر كۆرۆنا:

1-پێدانی خۆراكە تازەكان: پێویستە دایكان و باوكان هەوڵبدەن بەردەوام خۆراكی تازە، بەتایبەت سەوزە و میوەی فرێش بدەن بە منداڵەكانیان، بۆ ئەوەی لەشیان سەرجەم پێكهاتە و ڤیتامین و كانزا پێویستەكانی دەستبكەوێت.

2- دووركەوتنەوە لە شیرینی خواردنە ئامادەكان: منداڵ حەزێكی زۆری بۆ خواردنی شیرینی هەیە، بەڵام باشترە لەم مایەدا ڕابهێنرێت لەسەر خواردنی چەرەساتەكان و پەنیر و هێلكەی كوڵاو لەگەڵ ماستدا، هەروەها دەكرێت لە بری شیرینی میوەی وشكیان پێبدرێت.

3-شتنی دەستەكان بە بەردەوامی: منداڵ بەردەوان حەزی بە یاریكردن و دەستدان لە شتەكانی دەوروبەری هەیە، بۆیە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆس بۆی زیاترە، بۆیە باشترە فێربكرێن بە بەردەوامی دەست بە ئاو و سابون بۆ ماوەی 20 چركە بشۆن، بەتایبەت دوای ئەوەی دەستیان بەر تەنە جیاوازەكان دەكەوێت.

4- كوتان: نابێت لەم دۆخەشدا بەهیچ شێوەیەك كاتی كوتانی منداڵ دوا بخرێت، بۆ ئەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە جیاوازەكان كەمبێتەوە، چونكە بە هەموو نەخۆشی كێشەیەكی تەندروستی بەرگری لەش لاواز دەبێت، بەوەش ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات.

5- خواردنەوەی شلەمەنییەكان: دەبێت منداڵ فێری ئەوەی بكرێت بەردەوام ئاو بخواتەوە و دووربكەوێتەوە لە خواردنەوەی شەربەت و خواردنەوە گازییەكان، هەروەها دەكرێت بۆ ئەوەی حەزی بۆ خواردنەوەی ئاو زیاتربێت و تامێكی سروشتی بداتێ، چەند پارچەیەك میوە بكرێتە ئاوەكەوە وەك (لیمۆ، شیلك، توو، ئەنەناس،پرتەقاڵ، شوتی، خەیار، نەعنا)، ئەمە جگە لەوەی خواردنەوەی ئاوی گوێزی هندی و شەربەتە سروشتییەكان زۆر گرنگە.

1562 جار خوێندراوەتەوە