فینلەندا دوو ملیۆن یۆرۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بەخشی بە عێراق

01:37 - 30/06/2020
عێراق

حكوومەتی فینلەندا بڕی دوو ملیۆن یورۆ (دوو ملیۆن و 200 هەزار دۆلار)ی وەك پاڵپشتی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە حكوومەتی عێراق بەخشی.

 

 نوێنەری پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد رایگەیاند، ئەو هاوكارییە داراییەی كە حكوومەتی فینلەندا لە پاكێجی بەدەنگەوەچوونی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق تەرخانی كردووە، بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خەرج دەكرێت.

 

زێنە عەلی ئاماژەی بەوەشکردوە داوە، رێكارەكانی پاكێجی وەڵامدانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتی دەبێت لە زیادكردنی توانستی پشكنینی تاقیگەكان و دابینكردنی كەلوپەلی پارێزگاری كەسیی بۆ كارمەندانی تەندروستیی.

 

وتیشی بەشێکی دیکەشی تەرخان دەکرێت بۆ  زیادكردنی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ دامەزراندنی ستراتیجییەكانی چاكبوونەوەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە دەستنیشان كراون لەلایەن بەرپرسانی پارێزگاكانی ئەنبار، بەسرە، دیالە، دهۆك، كەربەلا، كەركووك، نەجەف، نەینەوا و سەڵاحەددین.

 

وتیشی:"ئەم پاڵپشتییە داراییەی حكوومەتی فینلەندا یارمەتیدەدەرێكی باش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق".

 

لای خۆیشیەوە ڤێزا هاكینێن باڵیۆزی فینلەندا لە عێڕاق پاڵپشتی حكووومەتی وڵاتەكەی لە سەرجەم بوارەكاندا بۆ عێراق دووپاتكردەوە و رایگەیاند كە فینلەندا لە چوارچێوەی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ پەرەپێدانی عێراق، پاڵپشتی لە سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیی عێراق دەكات.

 

راشیگەیاند حكوومەتی فینلەندا ئەو بڕە پارەیەی وەك پاڵپشتیی دارایی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە حكوومەتی عێراقی بەخشییوە.

 

فینلەندا یەكێكە لە هاوبەشە سەرەكییەكانی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستا بڕی 12 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری پێشكەش بە عێراق كردووە.

232 جار خوێندراوەتەوە