وەزیری پلاندانان: بەدیلی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەر رێککەوتنە

11:07 - 30/06/2020
کوردستان

وەزیری پلاندانان و ئەندامی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا به‌رده‌وامه‌، جارێ نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕه‌شنوسی كۆتایی.

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌ستور و به‌ یاسا بكرێت به‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كه‌ ده‌ستور دانی پێداناوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی ناوه‌ندی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكات وه‌كو هه‌رێمی كوردستان وه‌كو له‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی پێكراوه‌.

وەزیری پلاندانان ئاشکراشیکرد هێشتا رێکنەکەوتووین و گفتوگۆکان بەردەوامە رەنگە هەفتەی داهاتوو بچینەوە بۆ بەغدا.

د.دارا ڕاشید دەشڵێت پێمان وایە دەبێت گەشبین بین چونکە هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی باش چونكه‌ له‌كۆتایدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌بێت.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەشکردوە، داوایان لە بەغدا کردوە لەو ئیمتیازاتانەی هەیە پێویستە بەشی هەرێم بدرێت لەوانە به‌كارهێنانی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی یان قه‌رزی نێو ده‌وڵه‌تییه‌ یاخود قه‌رزی ناوخۆیییه‌ی به‌پێی یاسای قه‌رز له‌په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند كراوه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ به‌شی هه‌بێت.

د.دارا رەشید باسی ئەوەشیکردوە ئێمه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نێین كه‌ ڕێكبكه‌وین له‌گه‌ڵ به‌غداد، چونكه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌دیلی ڕێكه‌وتن هه‌ر ڕێكه‌وتنه‌، بیر له‌وه‌ ناكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕێكنه‌كه‌وین، هه‌موو ئاراسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ڕێكبكه‌وین چونكه‌ قه‌ده‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد به‌یه‌كه‌وه‌یه‌.

 

ئەوە لەکاتێکدایە شاندی دانوستانکاری هەرێم چەند جارێک سەردانی بەغدای کردوە،بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێکەوتنی کۆتایی لەبارەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە.

666 جار خوێندراوەتەوە