براوەی نۆبڵی پزیشكی رێنمایەکی ئاسان بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەخاتە ڕوو کە بەچرکەیەک دەتوانیت بیکەیت

09:29 - 30/06/2020
تەندروستی

رێنمایی و ڕێگایەكی نوێی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا خرایە ڕوو، ئەوەش لەلایەن زانایەكی بەناوبانگی جیهانەوە كە براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكییە و پێیوایە بەو ڕێگایە دەتوانرێت ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی كۆڤید 19 كەمبكرێتەوە.

 

 لویس ئیگنارۆ، زانایەكی ئەمریكی تەمەن 79 ساڵە و لە 1998دا بۆتە براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكی، ڕاپۆرتێكی لە دواین ژمارەی گۆڤاری (ScienceAlert)ی زانستیدا بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بە ڕێگایەكی گونجاو و ئاسان بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

"داخستنی دەم و هەڵمژینی هەوا لە لوتەوە، دواتر دانەوەی هەناسەكە لە دەمەوە"، ئامۆژگارییەكەی لویسە و پێیوایە بەو شێوەیە یەكێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی چونی ڤایرۆسەكە بۆ ناو كۆئەندامی هەناسەدان دەگیرێت، چونكە كۆرۆنا لە ڕێڕەوی دەم یاخود لوت یان هەردووكیان خۆی دەگەیەنێتە خانەكانی سییەكان، لەوێدا بەبێ وەستان زیاد دەكات تا ژیانی كەسەكە دەخاتە مەترسییەوە.

لویس دەڵێت "هەناسەدان بە لوت یارمەتی ڕووپۆشەكەی دەدات بۆ بەرهەمهێنانی پێكهاتەیەكی ئۆكسیدی كە لە زانستدا بە (Nitric Oxide)  ناسراوە، ئەوەش یارمەتی بەرهەمهێنانی ڕێژەیەكی زیاتر ئۆكسجین دەدات و دەینێرێت بۆ خوێن".

دواتر ئەو پێكهاتەیە لە سییەكاندا ڕوبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبێتەوە‌و ڕێگری لە زیادبونی دروستبونی هەوكردنی زۆر دەكات، ئەوەش سودێكی زۆری بۆ بەرگری لەش هەیە كە بە بەهێزترین چەكی وەستان بەڕووی كۆرۆنا دادەنرێت.

ئەو ئۆكسیدە كە ناوە كورتكراوەكەی (ON)، ڕێگرە لە بەرزبونەوەی فشاری خوێن، هەروەها یارمەتی پاڵنانی خوێن دەدات بۆ هەموو ئەندامەكان، ئەمە جگە لەوەی ڕێگرە لە مەینی خوێن لە مولولەكاندا كە یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە جەڵتە و لە چەند كەسێكی توشبوو بە كۆرۆناشدا ڕوویداوە.

34871 جار خوێندراوەتەوە