پارێزگاری سلێمانی: دوبارە قەدەغەی هاتوچۆ هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت

08:47 - 30/05/2020
کوردستان

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، لەم دۆخەدا پێویستە رێکارەکان لەلایەن فەرمانگەکان، بەتایبەت کەرتی تەندروستی چڕ بکرێتەوە، بەرامبەر هەر کەسێک ئەگەر ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکات.

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەلێدوانێکی تایبەتدا بە دیجتاڵ میدیای KNNی ڕاگەیاند ،گرنگە هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن،چونکە خۆپارێزی هاوڵاتیان ئەنجامی باشی دەبێت.

 

وتیشی کۆرۆنا جگە لە مەترسی نەخۆشەکە خۆی،دوو مەترسی دیکەی هێناوە،ئەوانیش هەڕەشەکردنە لە کاروکاسبی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی داهاتی حکومەت.

 

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد،پێویستە رێکاری پێویست بۆ تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگیریتە بەر و هاو ئاستی ئەوەش، کار بکرێت بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان و زیادکردنی داهاتی حکومەت.

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕاشیگەیاند، بە بڕوای ئێمە قەدەغەی هاتوچۆی تەواو زیان لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و حکومەتیش دەدات و هەمان ئەنجامی ئێستاشی دەبێت.

 

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا پارێزگاری سلێمانی وتیشی پێویستمان بەوەیە لەلایەن دەوڵەتەوە رێکارەکان توند بکرێتەوە و هاوڵاتیانیش زیاتر خۆیان بپارێزن.

8257 جار خوێندراوەتەوە