د.کەریم قەرەچەتانى: ده‌رچونی گشتی خوێندکاران له ‌داهاتودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه

07:07 - 28/05/2020
کوردستان

پسپۆڕێکى بوارى دەرونى رایدەگەیەنێت، هەردو بڕیارەکەى وەزیرى پەروەردە و وەزیرى خوێندنى باڵا، دەرئەنجامى خراپى دەبێت، دەشڵێت: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پەروەردە ده‌كرێت و به‌م بایكۆت و به‌م "به‌زمه‌"دا ده‌ڕوات، له‌داهاتودا ده‌بێت به‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و‌ زیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌دات.

د.كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی پسپۆڕی بواری ده‌رونی و مامۆستای زانكۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، لەبارەى بڕیارى دەرچونى گشتى قوتابیان و خوێندکاران رایدەگەیەنێت، هه‌ر دوو بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وه‌زیری خوێندنی باڵا بڕیارێكی ناچارییه،‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخه‌كه‌ هۆكار و پاساوی خۆشیان هه‌یه،‌ به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی و لێكه‌وته‌كانی خراپه‌.

دەشڵێت: له‌هه‌مووی سه‌یرتر كه‌ من به‌ كاره‌ساتی ده‌زانم، زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان پیرۆزبایی له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن شه‌كره‌ وه‌زیره، ئه‌م خۆشحاڵییه‌ وه‌كو ده‌رزییه‌كی به‌نج وایه‌ بۆ ئه‌وان، به‌ڵام له ‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌كه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئێمه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گرنگی به‌ بڕوانامه‌یه‌ك و پارچه‌یه‌ك وه‌ره‌قه‌ ده‌ده‌ین كه‌ داومانه‌ به‌خوێندكار و گرنگی به‌ زانست و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ناده‌ین.

لەبارەى بڕیارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئاماژەى بەوە کرد له‌به‌ر دۆخی سایكۆلۆجی و ئابوری و ته‌ندروستی هه‌رێم بڕ‌یاریانداوه بۆ ئەنجام نەدانى تاقیکردنەوەکان، ئەو مامۆستایەى زانکۆ دەڵێت: دۆخی سایكۆلۆجی ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌م ساڵه‌وه‌ نیه‌، ساڵانی پێشوش هه‌مان دۆخی سایكۆلۆجی، بێ موچه‌یی و بێ كاره‌بایی و بێ خزمه‌تگوزاری هه‌موی هه‌ر هه‌بوه‌، ئه‌م ساڵ ته‌نها كۆرۆناكه‌ی هاتۆته‌ سه‌ر، باشه‌ ئه‌گه‌ر (12)ی ئاماده‌یی بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌توانن؟! مه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان دۆخی سایكۆلۆجییان نییه‌؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ دۆخی سایكۆلۆجی كوردستان جیاوازییه‌كی واینه‌كردووه‌ له‌م كۆرۆنایه‌دا.

د.کەریم شەریف قەرەچەتانى وتیشى: ترسم له‌وه‌یه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پەروەردە ده‌كرێت و به‌م بایكۆت و به‌م "به‌زمه‌"دا ده‌ڕوات، له‌داهاتودا ده‌بێت به‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و‌ زیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌دات.


772 جار خوێندراوەتەوە