بەپەلە

ئایا دەکرێت لەکاتى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا خوێن ببەخشرێت؟

09:48 - 15/05/2020
تەندروستی

 لەسەردەمى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا چەندین پرسیاریش هاتوونەوتە ئاراوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە، ئایا دەکرێت لەم سەردەمى کۆرۆنایەدا خوێن ببەخشرێت؟

 

راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن خوێن بەخشین لەهەموو کاتێکدا کارێکى پێویستییە و دەکرێت لەکاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناشدا ئەو کارە بکرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنى چەند ڕێوشوێنێکى تایبەت.

 

بە مەبەستى پاراستنى تەندروستى خوێنبەخشان و هاوکات ئەو کەسانەشى کە خوێن وەردەگرن لەکاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، پێویستە کەسى خوینبەخش سەرەتا پەیوەندى بەو سەنتەرەوە بکات کە خوێنەکەیان پێدەبەخشێت، ئەوەش بەمەبەستى دانانى کاتێکى دیاریکراو بۆ سەردانیکردنەکەى و ئامادەکارى لەلایەن سەنتەرەکەوە بۆ وەرگرتنى خوێنى کەسەکە.

 

پاش ئەوەى خوێنبەخشەکە دەچێتە سەنتەر یان بانکى خوینەکە، دەبێت دەستەکانى بشوات و دەمامک و دەستکێش بەکار بهێنێت و دەست نەدات لە دەموچاوییەوە و نێوانى لەگەڵ کەسانى دەوروبەر روبەرێکى پارێزراو بێت. ئەگەر ئەو کەسەى خوێن دەبەخشێت هەست بە هەر نیشانەیەکى توشبوون بە کۆرۆنا بکات، پێویستە دەستبەجێ تیمە پزیشکییەکان ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەى خوێنەکەى لێوەرنەگرن و ڕێوشوێنى پێویستى بۆ بگیرێتەبەر.

 

لەسەر کارمەندانى بانکى خوێنیش پێویستە پێش وەرگرتنى خوێنەکە لە چەند خاڵیک دڵنیابنەوە، لەوانەش تەندروستى خوێنبەخشەکە و دڵنیابوون لەوەى کە بەرکەوتنى لەگەڵ کەسانى توشبوو نەبووە و یاخود لەیەکێک لەو وڵاتانەوە نەگەڕاوەتەوە کە ڤایرۆسەکە تێیاندا بەشێوەیەکى بەرچاو بڵاوە.

368 جار خوێندراوەتەوە