لە سۆران سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنینی کۆرۆنا کرایەوە

05:46 - 02/04/2020
کوردستان

قەزای سۆران وەک یەکەم قەزا لەئاستی هەموو عێراق، سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنینی کۆرۆنای کردەوە.


بەئامادەبوونی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم و فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، زانکۆی سۆران تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنای پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران کرد.

 

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، دڵخۆشە بەکردنەوەی ئەم سەنتەرە لەقەزای سۆران، ئەم سەنتەرە بارگرانی لەسەر هەولێر کەم دەکاتەوە و خزمەتیش بەسۆران و دەوروبەری دەکات.

 

فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێریش وتی، پێویستە هاوڵاتیان ئەم دە ڕۆژەی داهاتوو زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی سەلامەتبن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

سەنتەری پشکنینی ڤارۆسی کۆرۆنا لە سۆران بە هەماهنگی زانکۆی سۆران و وەزارەتی تەندروستی دروست کراوە، لە ڕوی ئەکادیمی و تەکنیکیەوە لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و زۆربەی ئامێرەکانیش لەلایەن زانکۆوە دابینکراون.

 

بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە دەکەوێتەسەر تیمە پزیشکیەکان و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران.

 

مەبەست لە کردنەوەی ئەم تاقیگەیە بۆ پشکنین و دەستنیشان کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە ئاسانکاریێکە بۆ هەوڵاتیانی هەرچوار قەزای سۆران، چۆمان، ڕاوندز و مێرگەسۆر.

 

بەکردنەوەی ئەم سەنتەرە چیتر پشکنینی هاوڵاتیانی ئەو سنورە ناچنه پارێزگای هەولێر، بەڵکو ئەم سەنتەرە دەرئەنجامی پشکنینەکانی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە ڕادەگەیەنێت.

202 جار خوێندراوەتەوە