هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسان دەبنە نێچیری كۆرۆنا

10:19 - 01/04/2020
هەمەڕەنگ

 كۆرۆنا دەبێتە ئەو مۆتەكەیەی هاوڵاتیانی ئاسایی لەگەڵ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی بواری سیاسەت و هونەر و ڕۆژنامەوانی لەیەكتر جیاناكاتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەند هونەرمەند و ڕۆژنامەنوسێك بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ئەمریكا هەواڵی مردنی ئەستێرەی بەناوبانگی میوزیك جۆ دڤی لەتەمەنی 61 ساڵیدا، بۆتە بابەتێكی گەرم ، ئەوەش دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 

دڤی ساڵی 1990 یەكەم ئەلبومی خۆی بڵاوكردۆتەوە و كە تراكی (Home) بۆتە یەكێك لە بەناوبانگترین گۆرانییەكانی ئەو ساڵە، دواتر لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا چەندین بەرهەمی دیكەی بڵاوكردۆتەوە كە سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەستهێناوە و ناوبانگێكی زیاتریان پێبەخشیوە.

 

ڕۆژنامەنوسانیش كە لەدوای پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە بۆ گواستنەوە هەواڵ و زانیارییەكان لەبارەی ڤایرۆسەكەوە لە ڕیزی پێشەوەدان، یەكەم قوربانیی خۆیاندا، ئەوەش دوای مردنی ماریا میركادر پەیامنێری ئاژانسی (cbs)ی ئەمریكی كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە كاری ڕۆژنامەنوسی دەكات.

 

میركادر، تەمەن 54 ساڵ لەكاتی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكاندا توشی كۆرۆنا بووە، ماوەیەك پێش ئێستاش پشكنینەكان توشبونیان بە شێرپەنجە ئاشكراكردبوو، ئەوەش وایكردووە كۆرۆنا كاریگەری زیاتری لەسەر دروست بكات و لەیەكێك لە نەخۆشخانەكانی نیویۆرك گیان لەدەست بدات.

 

یەكەم كەسایەتی هونەری بەناوبانگیش لە ژاپۆن بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەویش دوای مردنی ئەستێرەی كۆمیدی كین شیمۆرا لە تەمەنی 70 ساڵیدا.

 

گۆرانی بێژی بەناوبانگی ئەمریكی جۆن براین تەمەنی 73 ساڵ و خاوەنی خەڵاتی گرامی، یەكێكی دیكەیە لەو هونەرمەندانەی لە 20ی مانگی ئازاردا توشی كۆرۆنا بووە.

 

بەپێی نوێترین لێدوانی خانەوادەی براین، لەئێستادا دۆخی تەندروستی زۆر ناجێگیرە و چەند ڕۆژێكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

 

كۆرۆنا گەیشتووەتە بۆلیود و ئەستێرەی هیندی كانینا كاپوری لە بەریتانیا توشكردووە، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، بەڵام تائێستا چاكنەبۆتەوە، لەو ماوەیەشدا چوار جار پشكنینی بۆكراوەتەوە سەرجەمی پۆزەتیڤبووە.

 

یەكێك لە خانەوادەكەی كاپوری تەمەن 41 ساڵ بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە "وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەرەكان نییە و دۆخی تەندروستی بەرەو خراپی دەڕوات، بەهۆی داخستنی سنورەكانیشەوە ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەكەی".

 

پێشتریش چەندین كەسایەتی بەناوبانگی بوارەكانی سیاسەت و هونەر و وەرزش توشبونی خۆیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاند، لەوانە شازادە چارلز جێنشینی شاژنی بەریتانیا و بۆریس جۆنسن سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، ئەستێرەی بواری سینەما تۆم هانكس و خێزانەكەی لەگەڵ چەند یاریزانێكی بەناوبانگی تۆپی پێ و دەست و باسكە.

1104 جار خوێندراوەتەوە