ئەنگێلا مێرکل لە کەرەنتینەوە باسی ژیانی خۆی و کۆرۆنا دەکات

10:57 - 27/03/2020
جیهان

ئەنگێلا مێرکل رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە قەیرانی دارایی ساڵی 2008 مەترسیدارترە.

 

ئەنگیلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا، کە ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا لە کەرەنتیندایە، باس لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابوری وڵاتەکەی و جیهان دەکات.


مێرکل دەڵێت، زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیانەکانی قەیرانی دارایی و بانکەکان لە ساڵی 2008 گەورەترە.


باسی لەوەش کرد، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


راوێژکاری ئەڵمانیا داوای ئارامگرتنی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و وتی، هیچ هۆکارێک نابینن تاکو رێکارەکانیان کەمبکەنەوە و رێکارەکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن.


سەبارەت بەوەی چۆن کاتەکانی بەسەردەبات لە کەرەنتین ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەیەکی زۆر پەیوەندیی و گفتوگۆی تەلەفۆنیی و ڤئدیۆیی ئەنجام دەدەم. بیری بەشداریکردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیرەکان و چاوپێکەوتنیان بە رووبەڕوویی دەکەم."

1405 جار خوێندراوەتەوە