پزیشکێکی وهان باس لە ئەنجامی پشکنینی یەکەم تووشبووی کۆرۆنا دەکات

10:59 - 12/03/2020
کوردستان

یەکێک لەو پزیشکانەی لە نەخۆشخانەیەکی وهان کاری کردووە، باس لە یەکەم حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.

 
 (ئای فەن) سەرۆکی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ناوەندی شاری وهان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (رەنو) باس لە یەکەم رۆژەکانی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرنا دەکات و دەڵێت، لەلایەن بەرپرسی نەخۆشخانەکەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.


فەن دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی رابردوو، "چەند نەخۆشێک کە تووشی نەخۆشییەکی وەک هەڵامەت بووبوون، روویان لە نەخۆشخانەکەمان کرد، بەڵام چارەسەرە ئاساییەکانی ئێمە هیچ سودێکی پێنەگەیاندن."


فەن بەم جۆرە باس لە ئەنجامی یەکەم پشکنین دەکات، "لە رۆژی ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، کاتێک ئەنجامی پشکنینی یەکەم نەخۆشم خوێندەوە، بینیم (ڤایرۆسی کۆرۆنای سارسە)."


سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە وتی، "ئەنجامی پشکنینەکەم بۆ یەکێک لە هاوڕێکانم نارد، لەو هاوڕێیەمەوە هەواڵەکە بە هەموو لایەکدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە."


سەبارەت بە کاردانەوەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش باسی لەوە کرد، "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکەمەوە بانگکرام و بە تۆمەتی (بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و شێواندنی نائارامی) لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم و تەنانەت سەرزەنشتیان کردم."


فەن باس لەوە دەکات، "ئەگەر بمزانیایە دۆخەکە بەم ئاستە دەگات و هێندە ترسناکە، گوێم بە سەرزەنشتەکانی بەرپرسەکانم نەدەدا و هەوڵم دەدا دەنگم بە هەموو لایەک بگات."


فەن بەم جۆرە باس لە رۆژانی دواتر دەکات، "رۆژانی دواتر ژمارەیەکی زۆرتر نەخۆش و تووشبوو روویان لە نەخۆشخانەکەمان کرد، هەستمان کرد پەتاکە تاکو دێت زیاتر بڵاودەبێتەوە. تەنانەت ئەو کەسانەشی نەڕۆشتبوونە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵەوە، تووشی نەخۆشییەکە دەبوون و روویان تێدەکردین. ئیتر تێگەیشتم ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە."


حکومەتی چین تاکو ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٠ رەتیان دەکردەوە، ڤایرۆسەکە بەهۆی پەیوەندی نزیکی نێوان مرۆڤەکانەوە بگوازرێتەوە.


حکومەتی چین بەهۆی کاریگەری و ترسی لە قسەکانی (ئای فەن)، چاوپێکەوتنەکەی لە میدیا کۆمەڵایەتییەکاندا سڕییەوە و گۆڤاری (رەنو)ش ناچار کرا چاوپێکەوتنەکە بسڕێتەوە.


پێش ئای فەنیش، دەسەڵاتدارانی چین بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ نۆ کەسدا ئەنجامدا و یەکێک لەو کەسانەش دکتۆر (لی وێنلیانگ) بوو کە دواتر و لە حەوتی شوباتدا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.


سێ پزیشکی نەخۆشخانەی وهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و هەرسێ پزیشکەکەش هاوڕێی (ئای فەن) بوون.





33811 جار خوێندراوەتەوە