ترەمپ گەشتی ئەمریكا لە هاوڵاتییانی چەند وڵاتێكی دیكە قەدەغە دەكات

10:36 - 23/01/2020
جیهان

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ ئەوەی گەشتی هاوڵاتییانی چەند وڵاتێكی دیكە بۆ ئەمریكا قەدەغە بكەن. 

ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر و لە ساڵی 2017، ترەمپ گەشتی لە هاوڵاتییانی حەوت وڵات بۆ ئەمریكا قەدەغە كرد كە بریتین لە ( لیبیا، ئێران، سۆماڵ، سوریا، یەمەن، كۆریای باكور و ڤەنزوێلا). 

وەكو ئەوەی میدیاكانی ئەمریكا باسی دەكەن، ئەو وڵاتە نوێیانەی كە ترەمپ گەشتیان بۆ ئەمریكا لێ قەدەغە دەكات، ئەوروپی و ئاسیایی و ئەفریقیش لەخۆ دەگرێت. 

ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لە داڤۆسی سویسرا رایگەیاند، " دەبینن چی روودەدات لە جیهاندا، بۆیە دەبێت وڵاتەكەمان ئارام بێت"، بەبێ‌ زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەروو، تەنها ئەوەندە نەبێت كە وتی بەم نزیكانە زانیارییەكان ئاشكرا دەبن. 

لای خۆیەوە پێگەی پۆلەتیكۆ بڵاویكردەوە، ئەو وڵاتانەی كە ترەمپ گەشتیان لێ قەدەغە دەكات، بریتین لە ( بیلاروسیا، میانمار، ئەریتیریا، قیرغیزستان، نەیجیریا، سودان و تەنزانیا). 

فراوانكردنی لیستی ئەو وڵاتانەی كە گەشتیان بۆ ئەمریكا لێ‌ قەدەغە دەكرێت لە كاتێكدایە كە سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دانانی حەوت وڵاتی یەكەم لە لیستەكەدا، كە لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 و تەنها 7 رۆژ لە دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ ئیمزای لەسەر قەدەغەی گەشت لە هاوڵاتیانی ئەو حەوت وڵاتە بۆ ئەمریكا كرد. 

2748 جار خوێندراوەتەوە