ئەفسەرێكی ئەمریكی: بە موعجیزە لە موشەكەكانی ئێران رزگارمان بوو

05:22 - 12/01/2020
عێراق

بۆ یەكەمجار لە دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆسەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، سەرباز و ئەفسەرانی ئەمریكی قسە بۆ راگەیاندن دەكەن و دەڵێن، بەهۆی ئاگادار كردنەوەی پێشوەخت و موعجیزەوە رزگاريان بووە. 

لە راپۆرتێكی تایبەتدا كە ئاروا دامۆن پەیامنێری كەناڵی CNN  ئەمریكی ئامادەی كردوە و وەكو یەكەم رۆژنامەنووس لە دوای هێرشەكەوە بەشێوەی مەیدانی سەردانی بنكەی سەربازی عەین ئەسەدی كردوە، كۆمەڵێك وردەكاری لە بارەی خۆشاردنەوەی سەربازانی ئەمریكا و رزگاربوونیان بە سەلامەتی لە بۆردومانەكە ئاشكرا كردوە. 

ستاچی كۆلیمان كە خانمە ئەفسەرێكی ئەمریكییە لە بنكەی عەین ئەسەد بە CNN راگەیاندوە، بە موعجزە لە بۆردومانەكە رزگاریان بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە پێشتر ئاگاداركردنەوەی گرنگیان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی كە بنكەكەیان رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی بزانن هێرشەكە چۆن دەبێت. 

ئەو ئەفسەرە ئاشكراشیكردوە، لە كاتژمێر 11 ی ئەو شەوە، خۆی و بەشێك لە سەربازەكانی چوونەتە ناو ئەو تونێلانەی كە بۆ خۆشاردنەوە لە بنكەكە هەن، تا ئەو كاتەی موشەكبارانە لە كاتژمێر 1:30 خولەكی بەرەبەیان دەستیپێكردوە. 

ئەو خانمە ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشكردوە، لەو كاتەی كە یەكەم چوار موشەك كەوتنەخوارەوە، بەشێك لە سەربازەكانیان لە ئەركی ئێشكگریدا بوون، تەنانەت چەند موشەكێك بە دووری چەند مەترێك لە تونێلەكانی خۆشاردنەوە بەربوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە هەستیان بە ترسێكی زۆر كردوەو دیمەنەكان زۆر ترسناك بوون، بە رادەیەك كە تونێلەكان وەكو بێشكە لەریونەتەوە و سەربازەكانیش وەكو یاری منداڵان كەوتوون بەسەر یەكدا. 

وەك ئەوەی كە لە دیمەنەكانیشدا دەردەكەوێت، موشەكەكان زیانیان بە چەند شوێنێكی بنكە سەربازییەكە گەیاندوەو یەكێك لەو شوێنانەش كراوەتە ئامانج، شوێنی خەوتن و حەوانەوەی سەربازە ئەمریكییەكان بووە. 

 

 

 

 

 


14510 جار خوێندراوەتەوە