ئەردۆغان: کۆتا وڵات لە سوریا دەچینە دەرەوە

07:33 - 07/12/2019
جیهان

رەجەبە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هەتا هەموو هێزی وڵاتانی دیکە، لە سوریا نەکشێنەوە ئەوە هێزەکانی تورکیاش سوریا جێناهێڵن.

 ئەردۆغان لە کۆبونەوەیەکی حزبەکەیدا لە ئەستەنبوڵ ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک هێزەکانمان لە سوریا دەکشێنینەوە کە گەلی سوریا بە سوپاسەوە داوامان لێبکات.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی چونە ناوەوەی هێزی تورکیا بۆ سوریا لەسەر بنەمای رێککەوتنی ئەدەنەی ساڵی 1998 کە لەنێوان هەردوولادا ئیمزاکراوە.

هەر لەمیانەی قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد، لێرەوە پرسیارێک ئاراستەی سەرۆکی ئەو وڵاتانە دەکەم کە لێمان دەپرسن کەی لە سوریا دەچنە دەرەوە و منیش دەپرسم ئەی ئێوە چی دەکەن لە سوریا.

ئەم قسانەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدایە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و ژمارەیەک ناوچەی گرت،ئەوەش تورکیای روبەڕویی رەخنەی زۆر کردۆتەوە.

1359 جار خوێندراوەتەوە