هەر ئوتێلێک جێگەی سواڵکەر و قەرەجەکان بکاتەوە سزادەدرێت

04:56 - 03/12/2019
کوردستان

قایمقامیه‌تی سلێمانی رێكاری نوێ به‌رامبه‌ر به‌و ئۆتێلانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ سواڵكه‌ر و قه‌ره‌چ له‌خۆده‌گرێت و لێپرسراوی یاسای قایمقامیه‌تیش ده‌ڵێت رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكاران ده‌گیرێته‌به‌ر.

بێستوون عه‌لی لێپرسراوی یاسا له‌ قایمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، قایمقامیه‌تی سلێمانی بڕیاری داوه‌ دیارده‌ی سواڵكردن له‌شاره‌كه‌ كه‌مه‌بكاته‌وه‌‌، له‌ڕێی لیژنه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ئوتێله‌كان‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ به‌‌پڕكردنه‌وه‌ وهێنانی به‌ڵێننامه‌ له‌دادنوس بۆ قایمقامیه‌ت كه‌ڕێگه‌ به‌ نیشته‌جێبوونی سواڵكه‌ر و قه‌ره‌ج نه‌ده‌ن.

وتیشی ئه‌وكه‌سانه‌ی سواڵده‌كه‌ن، بونه‌ته‌ هۆی بێزاری هاوڵاتیان و ته‌نانه‌ت دروستكردنی ئاسته‌نگی هاتوچۆكردن له‌ ترافیكه‌كان، به‌شێكی زۆریان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیشن، له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان به‌هاوكاری لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

لێپرسراوی یاسای قایمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند ئه‌وكه‌سانه‌ی ئاوره‌ن و له‌كه‌مپه‌كان ده‌ژین ره‌وانه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌كرێنه‌وه، به‌جۆرێك جارێكی تر نه‌توانن له‌كه‌مپه‌كه‌ بێنه‌ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وپه‌نابه‌رانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌ژین ره‌وانه‌ی ئه‌ووڵاتانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ لێوه‌ی هاتوون.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد پاش به‌ڵێندان به‌دادنوس، هه‌رئوتێلێك سه‌رپێچی بكات و شوێن و جێگه‌ی مانه‌وه‌ بۆ سواڵكه‌ر و قه‌ره‌ج و كه‌سانی رێگه‌ پێنه‌دراو بدات بۆمانه‌وه‌، روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

870 جار خوێندراوەتەوە