ئەو دادوەرە کوردەی سەدامی دادگایی کرد سزادەدرێت

09:14 - 07/11/2019
کوردستان

لەتيف مستەفا رایگەیاند، سەرۆکایەتی دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەری، سزای دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، دەدات.

حاکم لەتيف مستەفا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردووتەوە، "دادوەری ناسراو ڕزگار محەمەد ئەمین کە ئەندامی دادگای تەمیزە و یەکێکە لە دادوەرە لێھاتوو پیشەییەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ماوەیەکە وەک ناڕازیبونێک لە کارەکانی ئەنجومەنی دادوەری و وەک ھەڵوێست وەرگرتنێک بایکۆتی دانیشتنەکانی دەستەی گشتی دادگای تەمیزی کردوە و تەنانەت داوای ئەوەی کردبوو بگوێزرێتەوە بۆ دادگاکانی حکومەتی فیدراڵ."

باسی لەوەشکردووە، "ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو واتە ھەفتەیەک پێش ئێستا سەرۆکایەتی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوێکی نھێنی و تایبەت سزای ئاگادارکردنەوەی بۆ دەرکردوە لەسەر ئەو ھەڵوێستەی."

روونیشیکردووەتەوە، "ھەر لە سەر داواکردنی چاکسازی لەدەسەڵاتی دادوەری لە ئێستادا ١٥ دادوەرو داواکاری گشتی لە بەردەم فەمانگەی داواکاری گشتی کەلار چادری مانگرتنیان ھەڵداوە."

لە کۆتاییدا دەڵێت: "لەوە دەچێ دادوەری باش ئیتر لەکوردستان جێگای نەبێتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا ئەنجومەنی داواکاری گشتی گەرمیان دەستیان بە مانگرتن کردووە.

16635 جار خوێندراوەتەوە