ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەرزبوویەوە

10:57 - 05/11/2019
عێراق

سەرچاوەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە دوێنێ،‌ دووشەمممە، بەهۆی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشانەكانی شاری بەغدا كوژراون، بۆ نۆ كەس بەرزبووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا، نۆ كەس كوژراون و ٤٠ی دیكەش برینداربوون.

بە وتەی سەرچاوەكە، ژمارەیەك لەو كەسانەی كوژراون هۆكارەكەی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژبووە كە بەر سەریان كەوتووە.

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی باشوور بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای خۆپیشاندانەكان كە لەیەكی تشرینی یەكەمەوە دەستیپێكرد ماوەی ھەفتەیەكی خایاند، دواتر لە ٢٥ی ھەمان مانگ جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە و تائێستا بەردەوامییان ھەیە.

داواكاری سەرەتای خۆپیشاندانەكان، باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، دواتر بەھۆی بەكارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواكانیان گۆڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت.

لەبەرامبەردا حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەك بڕیاری بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راگەیاندووە و بڕیاری لێپرسینەوەشی لەو كەسانەداوە كە بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و بەكارهێنانی ھێز دژبە خۆپیشاندەران.

750 جار خوێندراوەتەوە