بەغدا... تەرمی چالاکوانێکی مەدەنی دۆزرایەوە

09:51 - 03/11/2019
عێراق
سه‌یف رازی، چالاكی مه‌ده‌نی و یه‌كێك له‌ به‌شداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌غدا

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، له‌شاری به‌غدا، ته‌رمی یه‌كێك له‌ چالاكه‌ مه‌ده‌نییه‌ ناوداره‌كانی به‌غدا به‌ ده‌ست و چاو به‌ستراوی دۆزرایه‌وه‌، و شایه‌تحاڵه‌كان له‌شوێنی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیار بووه‌.

سه‌یف رازی، چالاكی مه‌ده‌نی و یه‌كێك له‌ به‌شداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌غدا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌، رفێنرا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌.

سه‌یف رازی جه‌بر ئه‌لروبه‌یعی، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌یی پیشه‌سازیی حوڕیه‌ بوو له‌ گه‌ڕه‌كی عامل، هه‌روه‌ها به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ ناسراو و ناوداره‌كانی ناو خۆپیشاندانه‌كان ده‌ناسرا، ساڵی رابردوو به‌هه‌مانشێوه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی میلیشیاوه‌ ده‌ستگیركرا، به‌ڵام دواتر ئازادكرا، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆردرابوو.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو، زۆرێك له‌ نوسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی نوسین و وتاریان له‌باره‌یه‌وه‌ نوسیوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ میلیشیاكان روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانیان گه‌یانده‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار و هه‌ڵمه‌تی تیرۆركردنی به‌شداره‌ چالاكه‌كانی ناو خۆپیشاندانه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی به‌ چه‌كی قه‌ناس چه‌ندین خۆپیشانده‌ری چالاك كرانه‌ ئامانج و كوژران.

له‌روداوێكی هاوشێوه‌دا، شه‌وی رابردوو خانمه‌ چالاكوانی شاری به‌غدا سه‌با مه‌هداوی، له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ رفێنراوه‌ و چاره‌نوسی نادیاره‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، داوای ڕزگارکردنی ئه‌و كچه‌ چالاكوانه‌ی كرد و داوای لە حكوومەت و هێزە ئەمنییەكان كردووە هەرچی زووە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوە و رزگاركردنی بخه‌نه‌گه‌ڕ.

9337 جار خوێندراوەتەوە