کەجەکە راگەیەندراوێکی لەسەر ئاگربەست بڵاوکردەوە

10:51 - 19/10/2019
کوردستان

لە راگەیەندراوێکدا کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، باس لە ئاگەربەست و رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا دەکات و رایگەیاند، "جگە لە کشانەوەی داگیرکەران پێویستە هیچ شتێکی تر قبوڵ نەکرێت."

ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، دوای دوو رۆژ لە رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا بۆ راگرتنی جەنگ و ئاگربەست، کەجەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێویستە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان ئاگربەست بکرێت، بەرخۆدێران و ڕای گشتی جگە لە کشانەوەی داگیرکەران، هیچ ڕێگەیەکی دیکە قبوڵ ناکەن."

 

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "لەگەڵ پەسەندکردنی تڕەمپ، بۆ ئەوەی ناحەقی هێرشەکانی داگیرکەری ئەردۆغانی دوژمنی کورد پیشان بدرێت، وا دەردەکەوێت بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاگربەستەکەی قبوڵ کردبێت. لەبەرئەوەی هێرشی داگیرکەری و تاوانی دژی مرۆڤایەتیە. پێویستە ئەم ئاگربەستە ڕەوایەتی بە داگیرکەری نەدات، پێویستە هێزە داگیرکەرەکان بکشێنەوە. لەبەرئەوەی بەرخۆدێر و گەلانی جیهان  و ڕای گشتی داوا دەکەن هێرشە داگیرکەرەکان ڕابگیرێن و داگیرکەران بە تەواوی بکشێنەوە. بەو هۆیەوە بەرخۆدێران و ڕای گشتی دیموکراتیک جگە لە کشانەوەی داگیرکەران، هیچ بژاردەیەکی دیکە قبوڵ ناکەن."


باسی لەوەشکردووە، "ئەو هەرێمانەی بوونەتە ئامانجی هێرشەکان، بەر لە هێرشە داگیرکەریەکان ئارامترین هەرێمی سوریا بوون. بەو هۆیەوە پێویستە بۆ ئارامی و ئاسایش هێزە داگیرکەرەکان بکشێنەوە. دوای سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی تورک، بە شێوەیەکی سەیر داواکرا قەسەدە بکشێتەوە کە ئەوەش ڕەوایەتی بە داگیرکەری دەدات. لەبەر ئەوە مادەکانی ڕێککەوتنەکە کە شاندی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بێجگە لە ئاگربەست لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقیەوە ڕەوا نین. هێزی شەڕی قێزەونی ئاکەپە – مەهەپە دوای ئاگربەستەکەش هێرشیان کرد کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئاگربەست بۆ ڕزگارکرنی ئەردۆغان و ترەمپە کە لە دۆخێکی تەنگەتاودان. تا داگیرکەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەکشێنەوە پێویستە لە سەر بەرخۆدانەکەیان بەردەوام بن. ئەگەر ئاگربەست وەک پڕۆسەیەک بۆ کشانەوەی داگیرکەران بێت، ئەو کاتە ئاگربەست واتادار دەبێت."


ئاماژەی بەوەکردووە، "نابێت تاوانی دەوڵەتی تورک لەدژی مرۆڤایەتی فەرامۆش بکرێت. دەوڵەتی تورکی چەکی قەدەغەکراو کە بە فڕۆکە لەدژی هەرێمی پاراستنی میدیا بەکاردەهێنێت، لە باکور و ڕژهەڵاتی سوریاش بەکاردەهێنێت. بەو هۆیەوە گەلانی جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێویستە لێپرسینەوە لە سەرۆکی شەڕی قێزەون ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکە بکەن."


لە راگەیەنداراوەکدا هاتووە، "بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە قێزەونە ئاگربەست گرنگە. پێویستە ئاگربەست ببێتە سەرەتای پرۆسەی کۆتاییهێنان بە داگیرکەری کە بەم شەڕە ئاشتی و ئارامی  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناو دەبرێت. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئاگربەست تەنها بۆ کەمکردنی فشاری ڕای گشتی دیموکراتیک و گەلان دەبێت، هەروەها بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکەری و "ناوچەی ئارام" دەبێت کە دەوترێت، پێشتر لەسەری ڕێککەوتوون. ئەگەر ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، کۆتایی بە داگیرکەری سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنن و هێزەکانی داگیرکەر بە تەواوی بکشێننەوە و ئەو کاتە ئاگربەست ئامانجی خۆی دەپێکێ. بەو هۆیەوە زۆر گرنگە ڕای گشتی دیموکرات، هێزە سیاسیەکان و دەوڵەتانی جیهان، کۆمکاری عەرەبی، گەلانی سوریا و گەلەکەمان لە چار پارچەی کوردستان لە سەر هەڵوێستەکانیان بەردەوام بن و پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدان بەردەوامی پێبدەن"

روونیشیکردووەتەوە، "بەرخۆدانی بەشەرەفی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە لەدژی هێرشەکان بووە هۆی ئەوەی ئاگربەست رابگەیەنرێت. ئێمە لەم بروایەداین بەرخۆدان کۆتایی بە داگیرکەری دەهێنێت. لە سەر بناغەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکیەتی دیموکراتیکی سوریا دروست دەبێت."

 

ئەم راگەیاندراوەی کەجەکە لە کاتێکدایە، رۆژی ١٧ی مانگ، شاندێکی ئەمریکا بە سەرکردایەتی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە، سەردانی تورکیای کرد و ڕایگەیاند، واشنتن سزای تر بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت و لەگەڵ ئەو وڵاتە رێککەوتووین هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان رابگرێت و ئاگربەستی راگەیاند.

5089 جار خوێندراوەتەوە