وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا

10:41 - 17/10/2019
عێراق

بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایكردنی چەكدارە بیانییەكانی داعش لە عێراق، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، بەسەردانێك گەیشتە بەغدا و چاوەڕان دەكرێت سەردانی هەولێریش بكات.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، جان ئیڤ لۆدریان بەیانی ئەمڕۆ بەسەردانێك گەیشتە بەغدا كە لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆدەبێتەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە، جان ئیڤ لۆردیان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، سەبارەت بە چەند پرسێک لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەكات لەوانە، دۆزینەوەی میكانیزمێكی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی چەكدارە بیانییەكانی داعش لە عێراق.

چاوەڕوان دەكرێت جان ئیڤ لۆردیان سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

پێشتر وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، رایگەیاندبوو، بە مەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە دۆسیەی چەكدارە بیانییە بەندكراواكانی داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا سەردانی عێراق دەكات.

ماوەی چەند مانگێكە ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا لەنێویاندا فەڕەنسا، هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی میكانیزمێكی دادوەریی نێودەوڵەتی بدۆزنەوە تا چەكدارە بیانییە بەندكراوەكان لە سوریا لە عێراق دادگایی بكرێن.

455 جار خوێندراوەتەوە