ئەمریکا بڕیارێک لە بەرژەوەندی عێراقییەکان و ئەفغانییەکان دەدات

06:10 - 15/10/2019
عێراق

دادگای فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا دواکەوتنی پێدانی ڤیزا بەو عێراقی و ئەفغانیانەی خزمەتی سوپای ئەمریکایان کردووە بە نایاسایی لە قەڵەمبدرێت.

 

ئەو عێراقی و ئەفغانییانەى کە خزمەتی سوپای ئەمریکایان کردووە دەتوانن بە شێوەیەکی یاسایی سەردانی بۆ ئەمریکا بکەن و ئەوەش لە چوارچێوەی ڤیزای تایبەتی کۆچبەران ڕێکخراوە.

ئەو عێراقی و ئەفغانیانە بەشێکیان لە مەترسیدان لەناوچەکانی خۆیان و ئەگەر پێدانی ڤیزاکەیان دوابکەوێت ڕەنگە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.


 لە ماوەى دانیشتنی دادگادا، دادوەر ڕایگەیاندووە، "ئاڵۆزی پڕۆسەى دادوەری کەیسەکە نابێت ببێتە بیانوی دواخستنی بەوشێوەیە چونکە کۆنگرێس زۆر بە ڕوونی ئاماژەى بەوەداوە کە لە ماوەى نۆ مانگدا پێویستە یەکلایی بکرێتەوە".


دەشڵێت، "حکومەتی ئەمریکا نەیتوانیوە هیچ بیانوویەکی بڕواپێکراو پێشکەش بکات بەوەى بۆچی یاسای 2013ی پشتگوێخستووە کە بەپێی یاساکە دەبێت لەماوەى نۆ مانگدا ڤیزای تایبەتی کۆچبەران تەواو بێت".

لە کاتی ئۆپراسیۆنی سەر ئەفغانستان و عێراق بەشێک لە عێراقی و ئەفغانییەکان هاوکاری سوپای ئەمریکایان کردووە وەک ڕێگانیشاندەر و وەرگێڕ و بەشێک لەو کەسانە داوای پێدانی ڤیزایان کردووە لە چوارچێوەی ڤیزای تایبەتی کۆچبەران.

3515 جار خوێندراوەتەوە