ئه‌م خانمه‌ رۆژانامه‌نوسه‌ی CNN گه‌وره‌ترین فشاری له‌سه‌ر تره‌مپ و توركیا هه‌یه‌

08:32 - 11/10/2019
کوردستان

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، ناو ناوبانگی خانمه‌ رۆژنامه‌نوسێكی ئه‌مریكا، زۆر ده‌نگیدایه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و راپۆرت و فیچه‌ر و لایڤ ڤیدیۆ و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كاندا پێشكه‌شی ده‌كات و زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر رای گشتی له‌ ئه‌مریكا دروستكردووه‌ و فشارێكی زۆری له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی توركیا دروستكردووه‌.

كلاریسا وارد، (39ساڵ) رۆژنامه‌نوسێكی خه‌ڵكی ئه‌مریكایه‌ و چه‌ندین زمان ده‌زانێت به‌تایبه‌ت روسی و عه‌ره‌بی، له‌شاری نیویۆرك له‌دایك بووه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ناوبانگی جیهانییه‌ له‌بواری دروستكردنی دۆكیومێنتاری و هه‌واڵسازی و ئێستا گه‌وره‌ رۆژنامه‌نوسی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ناڵی CNNی ئه‌مریكایه‌ و نێدراوه‌ بۆ روماڵكردنی هێرشی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان.

كلاریسا، له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، چه‌ندین به‌دواداچون و كاری مه‌یدانی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامداوه‌ و كاتێكی زۆر له‌ گه‌شته‌كانی هه‌واڵدا وه‌رده‌گیرێت و قسه‌ ده‌كات، یان راپۆرت و فیچه‌ر و روماڵه‌ راسته‌خۆكانی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ئێستادا ئه‌م رۆژنامه‌نوسه‌ی ئه‌مریكا، زۆر به‌چڕی له‌لایه‌ن میدیاكانی توركیاوه‌ دژایه‌تی ده‌كرێت و فشاری زۆر بۆ دروستكردوون و سه‌رقاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌كانی ئه‌ون.

كلاریسا، به‌رده‌وام دیمه‌نی مرۆڤدۆستانه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌گوازێته‌وه‌ له‌پاڵ ئه‌و زیانه‌ مرۆییانه‌ی به‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیاوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆكانی رێكده‌خات، زۆر كاریگه‌ره‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌مریكا و ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ جیهاندا.

له‌م گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا كه‌ میدیاكانی توركیا به‌چڕی و به‌ به‌رنامه‌ وه‌ڵامیاندایه‌وه‌، لێدوان له‌ چه‌ند خێزانێك وه‌رده‌گرێت و ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ له‌ڕێی رۆكێت و فڕۆكه‌وه‌ ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆردومان ده‌كرێن و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ژیانیان پارێزراو نییه‌، بۆیه‌ به‌ناچاری ئاواره‌ ده‌بن و "به‌ره‌و شوێنێك هه‌ڵدێن، كه‌ نازانن ئه‌مشه‌و له‌كوێ ده‌خه‌ون"، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ تێكچونی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو.

كه‌ناڵی CNN له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام له‌ دژی سیاسه‌ت و بڕیاره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كاری كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ تره‌مپ به‌ میدیای (فه‌یك نیوز – هه‌واڵی ساخته‌) ده‌یناسێنێت، به‌ڵام ئه‌م راپۆرتانه‌ی كلاریسا هیچ بوارێكی بۆ ساخته‌بوونی هه‌واڵ و به‌دواداچونه‌كان نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ و راسته‌وخۆ فشار له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاردان له‌ واشنتۆن ده‌كات.

له‌م راپۆرته‌دا كلاریسا ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا كه‌ به‌بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ، فه‌رمانیان پێگه‌یشتوه‌ چۆڵی بكه‌ن، ئێستا هێزه‌كانی كورده‌وه‌، به‌ڕێزه‌وه‌ پارێزگاریان لێده‌كرێت و وته‌ی شه‌ڕڤانێكی كوردیش ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت؛ "چاوه‌ڕوانی هیچ به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنێكی نێوده‌وڵه‌تی ناكه‌ین له‌كاتی شه‌ڕكردن دژی سوپای توركیا".

 

 

 

25784 جار خوێندراوەتەوە