تورکیا لەدوو شوێنەوە ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات

10:07 - 10/10/2019
کوردستان

هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەو وڵاتە ناوەندی شاری کۆبانێ و گرێسپی و سەرێکانیێ بۆردومان کرد و لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات و تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە ونەیتوانیوە بڕواتە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستانەوە.


بەپێی دواین زانیاری کە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای تورکیا لە هەریەک لە گرێسپی و سەرێکانیێ ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات و بەیانیی ئەمڕۆش دەستی بە تۆپبارانی هەردوو شارۆچکەکردووە.

 

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە تورکیا سەرجەم بەربەرستە کۆنکرێتییەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان کە داینابوون لادەبات و ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات.

 

دوای راگرتنی تۆپبارانەکان لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردووەوە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا، تۆپبارانکردنی هەریەک لە گرێسپی و سەرێکانیێ و ناوەندی شاری کۆبانێی دەستپێکردەوە، 

بەپێی میدیاکانی رۆژئاوا، بەیانی ئەمڕۆ تۆپێک لە ناوەندی شاری کۆبانێ کەوتووەتەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی هەبووە بەڵام لە ئێستادا هەریەک لە گرێسپی و سەرێکانیێ بە سەختی بۆردومان دەکرێن.


هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە دەڵێت "لەئەنجامی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا ٣ شەڕڤانی هەسەدە و پێنج هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە ڕاگەیەندرا و سەرەتا بە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەک دەستیپێکرد، دواتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ چەکدارانی هاوکاری سوری ئۆپراسیۆنی زەمینیان دەستپێکردووە و دەچنە ناو خاکی سوریاوە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند هێرشی سەر ٧ خاڵی سوپای تورکیایان کردووە.

4714 جار خوێندراوەتەوە