سوپای محه‌مه‌دی چیه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان به‌كاریهێنا؟

10:43 - 09/10/2019
کوردستان
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا، له‌كاتی ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستپێكردنی هێرشی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان

ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشی سوپای توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا، له‌ڕێگای ئه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر پرۆسه‌كه‌ی راگه‌یاند و وتی؛ "ناوچه‌وانی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی (سوپای محه‌مه‌دی) ماچ ده‌كه‌م، ده‌ستیانكرد به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی كانیاوی ئاشتی"و له‌ناوخۆی وڵاته‌وه‌ هه‌موو پشتیوانیه‌كیان لێده‌كرێت.

ناوی "سوپای محه‌مه‌دی" ره‌گ و ریشه‌یه‌كی مێژویی هه‌یه‌ و چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌ك باس له‌سه‌ره‌تای به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك ده‌ڵێن، "سوپای محه‌مه‌دی" بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن سوڵتانه‌ عوسمانییه‌كانه‌وه‌ به‌كارهاتوه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له‌ ریزی پاسه‌وانی تایبه‌تی سوڵتاندا بوون له‌نێوان سه‌ده‌كانی (14 بۆ 19)، ئه‌م هێزه‌ش به‌ كڕۆكی دامه‌زرێنه‌ری سوپای توركیا له‌ده‌ی بیسته‌مدا ئه‌ژمار ده‌كران.

 

ئه‌و سوپایه‌ له‌ مێژوی سه‌ده‌كانی رابردوودا ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ دامركاندنه‌وه‌ و خامۆشكردنی چه‌ندین راپه‌ڕین و به‌رهه‌ڵستی كوردان دژی سته‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ده‌ی 18دا.

هه‌ندێكیش له‌ میدیاكانی توركیا ره‌چه‌ڵه‌كی چه‌مكه‌كه‌ هه‌ر بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاوه‌ به‌ سوپای عوسمانی وتراوه‌ "سوپای محه‌مه‌دی".

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی پێكرد، مه‌به‌ستی له‌ سوپای توركیا بوو كاتێك نوسی (سوپای محه‌مه‌دی)، به‌ڵام ره‌مزێكی ئاینی به‌ به‌ری هێرشه‌كه‌دا كردووه‌، موفتی توركیاش هه‌ر ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند: سبه‌ی له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانی توركیاوه‌ سوره‌تی (فه‌تح)ی قورئانی پیرۆز ده‌خوێنرێت و داوای له‌خه‌ڵكی توركیا كرد بۆ نوێژی به‌یانی بچنه‌ مزگه‌وته‌كان.

له‌مێژودا ده‌یانجار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌وڵدراوه‌ ئاین به‌كاربهێنرێت بۆ پاكتاوكردنی نه‌ژادی دژی كورد و ره‌چه‌ڵه‌كی كورد، له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا له‌لایه‌ن حزبی به‌عسه‌وه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال وه‌كو ره‌مزێك له‌ سوره‌تی (الانفال)ی قورئانی پیرۆز و حه‌ڵاڵكردنی ماڵ و سه‌ر و سامانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2014 له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بنه‌ما ئاینییه‌كان به‌كارهێنرا بۆ به‌ كه‌نیزه‌ككردنی كچانی كوردی ئێزیدی و شه‌هیدكردنی پیاوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان و ده‌یان حاڵه‌تی دیكه‌ له‌ مێژودا.

له‌ئێستاشدا كه‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوا به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن و توركیا نه‌یشاردووته‌وه‌ كه‌ به‌ هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا بڵێت "تیرۆریست" و له‌ له‌ یه‌كه‌م په‌یامی راگه‌یاندنی هێرشه‌كه‌دا ناوی (یه‌په‌گه‌)ی له‌پاڵ ناوی داعشدا هێنا، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن چاودێران له‌ ئه‌مریكا به‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیدار لێكده‌درێته‌وه‌ دژی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی وڵاته‌كه‌یان كه‌ هاوپه‌مانه‌كه‌یان به‌ تیرۆریست ده‌ناسێنرێت.

4568 جار خوێندراوەتەوە