مەسعود بارزانی پەیامێکی بۆ ترەمپ نارد

10:20 - 09/10/2019
کوردستان

مه‌سعود بارزانی، له‌ باره‌ی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا په‌یامێكی ئاراسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كرد و رایگەیاند، خوێنی کورد لە پارە و چەک بەهادارترە.

بارزانی له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، "بەڕێز سەرۆک ترەمپ، گەلی کوردستان هەمیشە داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و بەرگریی لە خۆی کردووە. پێشمەرگە داعشی تێکشکاند و کورد بەشێکی کاریگەربوو لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر،"

 

راشیگەیاندووە، "خوێنی کورد زۆر لە پارە و چەک، بەهادارترە."

ئەم پەیامەی بارزانی لە کاتێکدایە، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکانی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا، ترەمپ، رایگەیاند، "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لەو شەڕە بێینەدەرەوە کە کۆتایی نییە و کورد بەرامبەر چەک و پارە شەڕی بۆ کردووین."

 

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نیگەرانە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و ئەگەری هێرشی تاکلایەنانەی تورکیا بۆ ناوچەکە.

 

هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لە بەیاننامەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش دەکات، رێگری لەو هێرشە بکەن کە "دەبێتە هۆی رژانی خوێنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بێتاوان".

 

دوای ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە، ئەمریکا هێزەکانی لە دوو خاڵی ناوچەی ئارام لە حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جەزیرە و تەل ئەبیەز لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە.

 

ئەمڕۆش بەرپرسێکی ئەمریکی بە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکای راگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئاگادارکراوەتەوە، هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا "رۆژئاوای کوردستان" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات.

5892 جار خوێندراوەتەوە