رووسیا داوای گفتوگۆ لە کورد و حکومەتی سوریا دەکات

10:06 - 09/10/2019
جیهان

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، سەبارەت بە بارودۆخی باکوری سوریا "رۆژئاوای کوردستان" داوای گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزە کوردییەکان دەکات.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا راگەیاند، پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی نێوان ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی دیمه‌شق و نوێنه‌رانی كورد كێشانه‌کان چاره‌سه‌ربكرێن، چونكه‌ ئه‌وان دانیشتوانی ره‌سه‌نی ئه‌و خاكه‌ن.

 

راشیگەیاند، "هیوادارین توركیا خۆی له‌و كارانه‌ به‌ دوور بگرێت، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دروستكردنی ئاسته‌نگ بۆ به‌دیهێنانی چاره‌سه‌ری ئاشتیی له‌ ناوچەکدا".

 

ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاتێدایە، دوای ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە، ئەمریکا هێزەکانی لە دوو خاڵی ناوچەی ئارام لە حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جەزیرە و تەل ئەبیەز لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە.

ئەمڕۆش، بەرپرسێکی ئەمریکی بە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکای راگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئاگادارکراوەتەوە، هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا "رۆژئاوای کوردستان" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات.

863 جار خوێندراوەتەوە