ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرزبووە

10:47 - 05/10/2019
عێراق

خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوامن و بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ژمارەی کوژراوەکان بۆ ١٠٠ کوژراو زیاتر لە چوار هەزار بریندار بەرزبووەتەوە.

 

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەرەڕای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ و هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی شارەکان، خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی دیکە بەردەوامە و بە هۆیەوە ژمارەی قوربانییەکان بۆ ١٠٠ کوژرا و زیاتر لە چوار هەزار بریندرا بەرزبووەتەوە.

 

روونیشیکردووەتەوە، لە ماوەی چوار رۆژی رابردووەی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٥٥٥ کەس دەستگیرکراون و توندوتیژییەکان بەردەوامن.

 

بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدایە، لەسەر فەرمانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتیژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتوچۆ لە بەغدا و ناوەندی شارەكانی زیقار، میسان و نەجەف هەڵگیراوە.

 

ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە و تاوەکو ئێستە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکاندا ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا ١٠٠ كەس كوژراون.


 
833 جار خوێندراوەتەوە