کوپێک چا... چی لە مێشکی مرۆڤ دەکات؟

10:38 - 17/09/2019
تەندروستی

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، خواردنەوەی چا بەدەر لەوەی مرۆڤ لە ماندووبون دەپارێزێت، سودێکی باشی بۆ مێشک هەیە.

رۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانیای بڵاویکردووەتەوە، زانایان لە زانکۆی سەنگافورە توێژینەوەیەکیان کردووە و تێیدا توێژەران دەڵێن، ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی ئاسایی چا دەخۆنەوە، هەندێک شوێن لە مێشکیاندا بەشێوەیەکی باش کارو فرمانەکانی چالاک دەبێت بەبەراورد بەو کەسانەی چا ناخۆنەوە.

لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەدا هاتووە، هەندێک لە شوێنەکانی مێشک پەیوەستن بە کارو فرمانەکانی هەستەوەری ، کە بەرپرسن لە زۆربوونی ئەو هۆڕمۆنانەی کە دەبێتە هۆی پیربوون.

توێژەران لە زانکۆی سەنگافورە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی ئیسێکس و کامبردج لە بەریتانیا ،توێژینەوەکەیان لەسەر 63 کەسی بەتەمەن کە تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵییەوەیە کردووە.

لە ئەنجامی توێژینەوەکە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی بۆ ماوەی 25 ساڵ و لە هەفتەیەکدا لانیکەم چوارجار چای سەوز یان چای رەش دەخۆنەوە، کار و چالاکی مێشکیان چالاکترە بەراورد بەوانەی چا ناخۆنەوە.

فەنگ لی بەرپرسی گرووپەکە و مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی دەرونناسی لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سەنگافورە دەڵێت، لە ئەنجامەکەدا دەرکەوت خواردنەوەی چا کاریەگەری ئەرێنی لەسەر فرمانەکانی مێشک هەیە و دژی دەردانی هۆڕمۆنی پیربوونە.

هاوکات، بەپێی توێژینەوەیەکی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هارفارد ، خواردنەوەی چای سەوز  ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و شەکرە کەمدەکاتەوە.

7008 جار خوێندراوەتەوە