ads top

دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر ئەمریکا چۆن بەرگری لە خۆی دەکات؟

09:13 - 11/09/2019
جیهان

 
لە هەژدەمین ساڵیادی رووداوە تیرۆرستیەكەی 11ی سێپتەمبەر، سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت: بودجەی وەزارەتی بەرگرییان بەرزكردۆتەوەو زۆر بەتوندیش وەڵامی هەر دەستدرێژییەك دەدەنەوە كە بكرێتە سەر وڵاتەكەیان.

دادوەری دۆسیەی ئەنجامدەرانی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەریش، وادەی دادگاییكردنی پلانداڕێژەرو تۆمەتبارانی ئەو هێرشانە دیاری دەكات.
 
هەژدە ساڵ لەمەوبەر‌و لە رۆژی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001، دوو رووداوی گەورەی تیرۆریستی لەئەمریكا روویان دا، كاتێك دوو فڕۆكە خۆیان كێشا بە باڵەخانەكانی ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرك و فڕۆكەیەكی دیكەش خۆی كێشا بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، پنتاگۆن، چوارەم فڕۆكە لەلایەن سوپای ئەمەریكا لە نزیك ویلایەتی پێنسڵڤانیا خرایە خوارەوە، كە ئامانجی ئەوەبوو، خۆی بكێشێت بە كۆشكی سپی، لە ئەنجامدا سەرجەم سەرنشینەكانی ئەو چوار فڕۆكەیە، گیانیان لەدەستدا.

 

بەپێی داتاكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئەو دوو رووداوە تیرۆرستییە، بوە هۆی گوژرانی نزیكەی سێ هەزار هاوڵاتی و هەزارانی دیكەش برینداربوون، رێكخراوی قاعیدەش، بەسەرۆكایەتی ئوسامە بن لادن، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، راگەیاند.

 
لە هەژدەیەمین ساڵیادی 11ی سێپتەمبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند: ئەوان نایانەوێت لە گەڵ هیچ كەس و لایەن و وڵاتێكدا كێشەیان هەبێت‌و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا رووبدات، بەڵام هەر كەس و لایەنێك، دەستدرێژی بكاتە سەر ئەمریكا، زۆر بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.

راشیگەیاند: بۆ پاراستنی گەل و خاك و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەیان بەرزكردۆتەوە.

ترەمپ داواشی لە گەلی وڵاتەكەی كرد، بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بەیەكگرتوویی بمێننەوە.

هاوكات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: لە 18 هەمین ساڵڕۆژی ڕووداوەكەی 11ی سێپتێمبەردا، سزای نوێیان بەسەر 15 سەركردەو كەسایەتی لە ڕێكخراوەكانی حەماس، قاعیدە، ڕێكخراوی داعش و سوپای پاسداراندا، سەپاندوە.
 
هێرشی 11ی سێپتەمبەر لە دوای زیاد لە چوار دەیە، یەكەم هێرشی دەرەكی بوو بۆ ناو خاكی ئەمەریكا و ئەو رووداوە بوە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دوای 18 ساڵ، تا ئێستاش هەر بەردەوامە و چەندین ملیۆن هاوڵاتی بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دەیان ملیۆنی تر بریندار و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ كران.
هەریەك لە ئێران و سعودیە، دوو گومانلێكراوی رووداوە تیرۆریستییەكەن، كە هەردوولا بەهۆی ناكۆكییە قووڵەكەی نێوانیان، بەڵگە و دۆكیۆمێنت لە دژی یەكتر ئاشكرا دەكەن و یەكتر بە ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەكە تۆمەتبار دەكەن.

 

15 كەس لە كۆی ئەو 19 تیرۆریستەی فڕۆكە سڤیلییەكانیان بۆ هێرشە تیرۆریستییەكانی 11ی سێپتەمبەر رفاندبوو، هاووڵاتیی سعوودیە بوون، بەڵام حكومەتی سعودیە رای گەیاندووە، دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكیان بەو رووداوە نەبووە.

 

بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا، ئێران تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە پشتی رووداوەكە بوە بە یارمەتیدانی دارایی بە رێكخراوی قاعیدە بۆ رێكخستنی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر..
 
هاوكات، دادوەری كەیسی ئەنجامدەرانی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر رایگەیاند: لە 11ی كانوونی دووەمی ساڵی 2021 ، پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو پێنج كەسە بەڕێوەدەچێت، كە تۆمەتباری سەرەكیین لەو رووداوەدا. داواشی كرد، لایەنە پەیوەندیدارەكان، سەرجەم رێكارە یاساییەكانی تایبەت بەو كەیسە، پێش ئەو وادەیە جێبەجێ بكەن.

 

خاڵد شێخ محەمەد، بەپلانداڕێژەری سەرەكی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر دادەنرێت، چوار تۆمەتبارەكەی دیكەش بریتین، لە وەلید بن عەتەش، رەمزی بن شەیبە، عەمار بلوچی، مستەفا ئەحمەد.

 

میدیاكانی ئەمریكا باس لەوەدەكەن، خاڵد شێخ محەمەد، كاتێك لەبەردەم دادگا ئامادە بوە بۆ خوێندنەوەی تۆمەتەكانی، وتویەتی: لە ئەلفەوە بۆ یا، بەرپرسە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر و دەیەوێت لەبەردەم دادگا دان بەتاوانەكانی بنێت و رۆڵی خۆی لەو هێرشەدا ئاشكرا بكات.

316 جار خوێندراوەتەوە