حه‌شدی شه‌عبی: هێزی ئاسمانیی دروست ناکەین

03:34 - 06/09/2019
عێراق

حه‌شدی شه‌عبی بڵاویکردووەتەوە، "هەواڵی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی هێزە ئاسمانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دوورە لە راستییەوە".

 
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حه‌شدی شه‌عبی بڕیاری دامه‌زراندنی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی به‌ دۆرخسته‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره بڵاوكرابوویه‌وه‌.

 

حه‌شدی شه‌عبی له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆی رایگه‌یاندووە، "ئه‌و هه‌واڵه‌ راست نییه‌ كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ حه‌شدی شه‌عبی بڕیاری داوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان دابمه‌زرێنێت".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ بڕیارێك به‌ ناوی جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس بڵاوكرایه‌وه‌ و تێیدا هاتبوو: "به‌ پشتبه‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌پێی بڕیارنامه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران پێمان دراوه‌، كه‌ له‌ ٢٠١٤ ده‌رچووه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی، بڕیاردرا به‌ دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان". 

 

له‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، سه‌ڵاح مه‌هدی حه‌نتوش كراوه‌ته‌ لێپرسراوی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ به‌ وه‌كاله‌ت. 

 

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ میدیاكانی عێراق وێنه‌یه‌كی حه‌نتوش، موهه‌ندیس و فه‌رمانده‌ی هێزی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی-یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پێشتر گرتبوویان.

673 جار خوێندراوەتەوە