ads top

نهێنی بەکارهێنانی دەست و قاچی چەپ لای بەشێک لە مرۆڤەکان چییە؟

09:51 - 05/09/2019
زانستی

بەگوێرەی چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و تاقیگەی بایۆلۆژی بەریتانیا، دەرکەوتووە کەسانی چەپلەر  خاوەن ئیرادە و مێشکێکی بەهێزن و زاڵن بەسەر کاروچالاکیەکانیاندا.

زۆربەی کەسەکان دەستی ڕاستیان زیاتر بەکاردێنن بۆ کارەکانی ڕۆژانە، به‌ڵام به‌شێكیش له‌ خه‌ڵك كه‌ زیاتر به‌ (چه‌پله‌ره‌كان) ده‌ناسرێن به‌ ده‌ستی چه‌پ ده‌نوسن و نان ده‌خۆن و كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی رۆژانه‌یان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

لە کۆی ئەو لێکۆڵینەوە بایۆلۆژیانەی لە بەریتانیا بۆ نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس ئەنجامدراون،  تەنها ٣٨ هەزار کەس دەستە چەپ بوون، بەم پێیە لە ١٠ کەس تەنها یەک کەس (چەپله‌ر) بوون، خراونه‌ته‌ ژێر باری لێكۆڵینه‌وه‌ و (چه‌ندین سیفه‌تی كه‌سێتی و ئاستی بڕیار و توانای هه‌ڵسه‌نگاندن و قسه‌كردن و تێگه‌یشتن)ی كه‌سه‌كان به‌هه‌ند وه‌رگیراون.

بۆ ئەمەش توانراوە بسەلمێنرێت، %25ی چەپلەربوون پەیوەندی بە سیفه‌ته‌ بۆماوەییه‌كانی دایک و باوکەوە هه‌یه‌ و ٧٥%پەیوەندی بە ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هەیە. بوونی دوانە و بەتەمەنی دایکیش رۆڵی گرنگی هەیە لە زیادبوونی حاڵەتەکاندا.

ڕاستی ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، مرۆڤ هەر لە سەرەتای منداڵییەوە وا ڕادەهێنرێت دەستە ڕاست بەکاربهێنێت، هه‌ندێك له‌ كۆمه‌ڵگاكانیش وه‌كو كه‌سانی خەمبار یاخود هه‌ڵگری خوویه‌كی خراپ تێیان ده‌ڕوانن.

له‌ به‌شێك له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی په‌یڕه‌وی ئاینی ئیسلام ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رچی هیچ ده‌قێكی پیرۆزی ئه‌و ئاینده‌ راسته‌وخۆ دژایه‌تی چه‌پله‌ره‌كان ناكات، به‌ڵام خه‌ڵك زیاتر هانی منداڵان ده‌ده‌ن ده‌ستی راستیان به‌كاربهێنن و بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش چه‌ندین پاساو و نه‌ریتی ئاینی به‌كارده‌هێنن، تا ئاستی ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ نانی ده‌ستی كه‌سێك نه‌خورێت ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی چه‌پ لێی بنێت، یان گۆشتی په‌له‌وه‌رێك یان ئاژه‌ڵێك نه‌خورێت ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستی چه‌پ سه‌ربڕدرابێت...هتد ئه‌گه‌رچی هیچ ده‌قێكی پیرۆز پشتگیری ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ ناكات.

كه‌سه‌كان زۆرجار فشاری زۆریان بۆ ده‌هێنن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و سیفه‌ته‌ بایۆلۆژییه‌ ببن، بەڵام لە ڕاستیدا ئه‌و فشارانه‌ پێچه‌وانه‌ی سروشتی كه‌سه‌كانه‌ و زۆرن ئه‌و داهێنه‌ر و كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی (چه‌پله‌ر)بوون و كه‌سایه‌تی سه‌ركه‌وتوش بون له‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا، له‌وانه‌: چارلی چاپڵن-ئه‌كته‌ری ناوبانگی جیهانی و باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و بیڵ گەیتس- خاوه‌نی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت و ئۆپرا– سه‌رمایه‌دار و رۆژنامه‌نوسی جیهانیی...هتد.