بەپەلە

جموجوڵێكی دیكەی بەرەی ساختەكاران

09:47 - 13/06/2018
کوردستان

سەدر‌و عامری ‌و یەكێتی ‌و پارتی ترسیان لە ئەژماری دەستی هەیە
سەدر لە ترسی ژماردنی دەستی دەنگەكان لە هاوپەیمانێكی ئێران نزیك دەبێتەوە
یەكێتی ‌و پارتی لە ترسی ژماردنی دەستی دەنگەكان خۆیان لە سەدر ‌و عامری نزیك دەكەنەوە


لە كاتێكدا هەموو ئاماژەكان بە ئاڕاستەی ژماردنی دەستی دەنگەكان دەچن، موقتەدا سەدر ‌و هادی عامری كە یەكێكیان لەگەڵ ئێران ‌و ئەویتریشیان دژیەتی لەگەڵ یەكێتی ‌و پارتی باس لە رێككەوتن دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

كۆبونەوەی ئەم لایەنە نەیارانە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی لایەنەكان بۆ ژماردنی دەستی دەنگەكان، كە ئەوە دەردەخات ئەم لایەنانە ساختەكاریی گەورەیان لە هەڵبژاردنەكەی 12 ئایاردا كردو‌وە.

سەرگرتنی هەوڵی ئەو لایەنانەی ساختەكارییان بەرامبەر كراوە بە ئاراستەی ژماردنی دەستی دەنگەكان، وای لەبەرەی ساختەكاران لە هەرێمی كوردستان ‌و عێراق كردو‌وە، لە یەكتر نزیك ببنەوە‌و بە پەلە پڕوزێ‌ باس لە رێككەوتن بكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

لە كاتێكدا هێشتا دو‌وكەڵی ئاگری سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن ئاسمانی بەغدای بەرنەداوە، هاوپەیمانی سائیرون بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر ‌و هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری باس لە رێككەوتنێك دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەم دوو لایەنە بە دوو ئاڕاستە ‌و ئەجێندای جیاوازەوە كاریان دەكرد، هەرچی موقتەدا سەدرە بە دژی هەژمونی ئێران ناوی دەركرد‌وە، لە بەرامبەردا هادی عامری، فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی بە ژمارەی ئێران دادەنرێت لە عێراقدا.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە هێشتا لەلایەن دادگای باڵای دەستورییەوە پەسەند نەكراوە لە چاوەڕوانی ئەژماریی دەستی دەنگەكان، سائیرون ‌و فەتح 101 كورسیان دەبێت لە پەرلەمانی داهاتوو، بەڵام ئەوەی ئەم دوو لایەنە ناكۆكەی كۆكرد‌ووەتەوە، خەمی حكومەتی داهاتوو نیە، بەڵكو ترسە لە ژماردنی دەستی دەنگەكان.

سەرەتای ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد، ئەوەش بە زەبرێكی كوشندە لەو بەرەیە دادەنرێت كە بەهۆی ساختەكارییەوە ژمارەی كورسیەكانیان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا هەڵكشاوە.

جوڵەكەی سەدر رێك لە دوای چڕبو‌ونەوەی هەوڵی ئەو لایەنانەوە دێت كە ساختەكارییان بەرامبەر كراوە.

سەدر باس لە رێككەوتنێك دەكات لەگەڵ ئەیاد عەلاوی ‌و عەممار حەكیم، كە بەبێ‌ ئەنجامە پەسەند نەكراوەكانی هەڵبژاردنەكە، یەكەمیان 21 كورسی ‌و دووەمیان 25 كورسی پەرلەمانیان بە دەستهێناوە. عەلاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناڕازییە ‌و لە ریزی بەرەی ژماردنی دەستی دەنگەكاندایە، بەڵام عەممار حەكیمیش تا ئێستا خۆی لەسەر هیچ بەرەیەك یەكلا نەكرد‌ووەتەوە.

بەیاننامە درەنگ وەختەكەی یەكێتی ‌و پارتی بۆ موبارەكەكردنی لێك تێگەیشتنەكەی سەدر‌و عامری، بە تەواوەتی گومانەكانی رەواندەوە، لەسەر ئەوەی بەرەی ساختەكاریی لە هەرێمی كوردستان ‌و عێراق بە تەواوەتی ترسیان لە بڕیارەكانی پەرلەمان ‌و رێوشوێنەكانی دادگا هەیە بۆ ژماردنی دەستی دەنگەكان ‌و ئاشكراكردنی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن.

 یەكێتی ‌و پارتی، هەنگاوەكەی سەدر ‌و عامری بە ئەرێنی ناودەبەن ‌و بە وتەی خۆیان سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی ‌و هاوپەیمانێتی باشە، لە پێناو دەربازبوون لەم دۆخە سیاسسییە بن بەستووەی ئێستا.

سەرجەم ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن هەوڵەكەی سەدر‌و عامری ‌و موبارەكەكەی یەكێتی ‌و پارتی حكومەتی نوێی لێ ناكەوێتەوە، چونكە لەسەر ئاستی هەرێم ‌و عێراق، بەرەیەكی بەهێز هەیە كە بەدوای ئاشكراكردنی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن ‌و راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی هەیە.

لە هەمان كاتدا كۆكردنەوەی عەلاوی ‌و هادی عامری ‌و شیوعییەكان لەیەك بەرەدا بە ئەستەم دەزانرێت، چونكە عەلاوی بەكەسێكی دور لە ئێران دادەنرێت ‌و شیوعییەكانیش بە مەرجی تێپەڕاندنی تائیفیەت لەگەڵ سەدر هاوپەیمانیان پێكهێناوە.

301 جار خوێندراوەتەوە