ڕێكه‌وتنی سه‌در و عامری پێدەچێت تەكتیكێكی كاتی بێت بۆ پێشگرتن لە هەژماركردنی دەستی دەنگەكان

09:04 - 13/06/2018
عێراق

سەدرو عامری بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق رێككەوتن
تا ئێستا هەڵوێستی ئەمریكا روون نییە لەسەر ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیە

 
لە دەرەوەی چاوەڕوانییەكان، سەدر و عامری بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق رێككەوتن، سەبارەت بەم رێككەوتنە چاوەڕوان نەكراوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێك كەس بە تەكتیكێكی كاتی دایدەنێن و هەندێك كەسیش بە پلانێكی ئێرانی لە قەڵەم دەدەن.

لە عێراق هاوكێشەی سیاسی بەردەوام ئاڵۆز بووە، موقتەدا سەدر بە هەڵوێست و كردارە پێشبینی نەكراوەكانی ئەوەندەیتر ئاڵۆزتری كرد.

بەر لە دوو رۆژ كەس بە خەیاڵیشیدا نەدەهات كە سەدر و هادی عامری ببنە هاوپەیمان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، هەر بۆیە رێككەوتنی ئەو دوو لایەنە زۆر كەسی تووشی شۆك كردو‌وە.

موقتەدا سەدر، تەنیا دوو رۆژ بەر لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ هادی عامری، لە تویتێكی خۆیدا باسی لەوە كرد كاتی ئەوە هاتووە چەكەكان لە مزگەوت و حسێنییەكان كۆ بكرێتەوەو رادەستی حكومەت بكرێنەوە، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ چەككردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی كە هادی عامری سەركردایەتیان دەكات.

جگە لەوەش سەدر لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەوە ناسراوە كە دژی هەژمونی ئێرانە لە عێراق، تەنانەت شەوی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لایەنگرانی سەدر لە بەغدا دروشمی چوونە دەرەوەی ئێرانیان بەرزكردبووەوە. ئەوەش لە كاتێكدا كە هادی عامری زیاتر لە هەر كەس و لایەنێكی دیكە لە ژێر هەژمونی ئێران ‌و بە تایبەتیش سوپای پاسدارانی ئێراندایە، عامری نایشارێتەوە كە سەر بە ویلایەتی فەقیهی ئێرانە و عەلی خامنەیی بە مەرجەعی باڵای هەموو شیعە لە جیهان دەزانێت، لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە چۆن ئەم دوو رەوتە دژ بە یەكە توانیویانە ببنە هاوپەیمان.

لەمبارەیەوە چەند بۆچوونێك هەیە، بۆچوونی یەكەم ئەم هاوپەیمانێتییە بە تەكتیكێكی كاتی سەدرو عامری دادەنێن بۆ ئەوەی پێشبگرن بە هەژماركردنی دەستیی دەنگەكان. بەوپێیەی هەر دوو لایەن مەترسی ئەوەیان هەیە كە لە ئەگەریی هەژماركردنی دەنگەكان بەدەست ژمارەی كورسییەكانیان كەم بكات. وتەكانی هادی عامری لەكاتی راگەیاندنی رێككەوتنە لە دژی هەژماركردنی دەستیی زیاتر لە سەدا ٥ی  دەنگەكان و هەروەها پێشوازی بەپەلەی یەكێتی و پارتی لەو رێككەوتنەكە ئەم گومانەی بەرامبەر هاوپەیمانێتییەكە بەهێزتر كردوە.

بۆچوونی دووەم ئەوەیە، سەدرو عامری وەك براوەی یەكەم و دووەم، بەو ئەنجامە گەیشتوون كە لە پێكهێنانی حكومەتدا هیچ كامیان ناتوانن لایەنەكەی دیكە پەراویز بخات، هەر بۆیە پێشوەختە ناچار بوون بە رێككەوتن، بۆ نمونە ئەگەر بێتو هاوپەیمانێتی فەتح پەراوێز بخرێت، ئەوا عامری دەتوانێت لەڕێی گروپەكانی حەشدی شەعبییەوە كێشەی گەورە بۆ حكومەتی داهاتوو دروست بكات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بێت و سەدر پەراوێز بخرێَت ئەوا حكومەتی داهاتوو زەلیلی دەستی جەماوەری سەدر دەبێت لە بەغدا، هۆشداریدانی بەر لە چەند رۆژی موقتەدا سەدر سەبارەت بە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆو داواكاریی بۆ رێككەوتنی لایەنەكان ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی سەدر بەو ئەنجامە گەیشتبێت كە بەبێ هاوپەیمانێتی فەتح پێكهێنانی حكومەت ئەستەمە.

بۆچوونی سێیەم، ئەوەیە كە سیناریۆی ئەم هاوپەیمانێتییە لەلایەن ئێرانەوە نووسراوە، سەرچاوە عێراقییەكان باس لەوە دەكەن  لەكاتی كۆبوونەوەی سەدر و عامری لە نەجەف، قاسم سولەیمانی لە كەربەلاوە چاودێریی كۆبوونەوەكەی كردووە، بەپێی ئەم بۆچوونە، ئێران سەدرو عامری لێكنزیك كردوەتەوە، بەوپێیەی لە ئەگەری لێكنزیكبوونەوەی ئەم دوو لایەنە ، تەنانەت ئەگەر پۆستی سەرۆكوەزیران بدرێتە كەسێكی نزیك لە ئەمریكاش، لەو كاتەدا سەرۆكوەزیران بەبێ ئەو دوو لایەنە هیچ دەسەڵاتێكی نابێت. 

لەم نێوانەدا دەبێت لەلایەكەوە چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەمریكا بین و لەلایەكی دیكەشەوە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبین كە ئایا لە رۆژانی داهاتوو ئەم هاوپەیمانێتییە بەردەوام دەبێت یان ئەویش بە دەردی رێككەوتنەكەی هەفتەی پێشووی نێوان سەدر و عەلاوی و حەكیم دەچێت.

203 جار خوێندراوەتەوە