عێراق؛ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی سائیرون و فه‌تح بو‌وەتە جێی سەرسوڕمانی چاودێران

09:00 - 13/06/2018
عێراق

عێراق؛ سائیرون ‌و فەتح هاوپەیمانێتییان راگەیاند 
موقتەدا سەدر: هاوپەیمانێتییەكەمان راستەقینەیە
سەدر: ئامانجمان خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتە
سەدر: پێشتر لەگەڵ عەممار حەكیم ‌و ئەیاد عەلاوی رێككەوتوین

 

لە كاتێكدا سەرجەم لایەنە سیاسیە عێراقیەكان لە چاوەڕوانی بڕیاری یەكلاكەرەوەی دادگای فیدراڵیی و پرۆسەی ژماردنی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی پێنجی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن، هەندێك لەكوتلە سیاسییەكان بەنهێنی و بە ئاشكرا كەوتونەتە خۆیان و لە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین بۆ پێكهێنانی حكومەت، دواجار پێ دەچێت كورسی و پۆست هاوكێشە سیاسیەكان بگۆڕێ و حكومەتێك پێكبهێنرێت دۆست و دوژمن بەیەكەوە كۆبكاتەوە. 

دوژمنی دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆ و هاوپەیمانی بەیانی. ئەوە ئەو بنەمایەیە كە هەندێك لە لایەنە سیاسیەكان گرتویانەتە بەر بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و لە هەوڵدان بۆ بەركەوتەی خۆیان لە پشكی پۆست و كورسی و ئیمتیاز. 

پێش پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە دادگای فیدراڵی، هەر رۆژەو هاوپەیمانیەك پێكدەهێنرێ و رادەگەیەنرێت بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

راگەیاندنی نوێترین هاوپەیمانیی، هاوپەیمانیی نێوان ئیئتیلافی سائیرونی سەدرو ئیئتیلافی فەتحی عامریە.   
  
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا موقتەدا سەدر، رێككەوتنی هەرد‌وولای راگەیاند، بەوەش هاوپەیمانێتییەكە بەپێی ئەنجامەكانی ئێستا 101 كورسی كۆ دەكاتەوە.  

سەدر وتیشی، پێشتر لەگەڵ هەریەك لە عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە ‌و ئەیاد عەلاوی، هاوپەیمانی وەتەنیەش رێككەوتوین.

لە بارەی ئەو هاوپەیمانێتییە كتوپڕە دووبەرە دژ بەیەكەی سائیرون و فەتح، چاودێران پێیانوایە هەر چەندە پرۆسەی ژماردنی دەستی دەنگەكان ئەنجام نەدراوە، بەڵام تا رادەیەكی زۆر كوتلە سیاسییە شیعەكان یەكلایی بو‌ونەتەوە كە پرۆسەكە زۆر لەكورسیەكانیان ناگۆڕێت و كاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر ئەنجامەكانی ئەوان، بەڵكو زۆری ئەگەرەكان و گۆڕانكاریی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ئەنبارو سەڵاحەدین و دیالە و كەركوك ‌و نەینەوا دەبێت. 

خاڵێكی دیكەش لەكۆكردنەوەی سەدر كە خۆی وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی دەناسێنێت و دژایەتی هەژمو‌ونی ئێران دەكات، لەگەڵ عامری كە زۆر نزیكە لە ئێرانەوە، ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی كە سەدر گەیشتو‌وەتە ئەو باوەڕەی بۆ ئەوەی بەڕەكەی لە ژێر پێ دەرنەهێنن و لە هاوكێشەی سیاسی ئاوت نەكرێت هاوشێوەی عەلاوی كاتێك 2010، براوەی هەڵبژاردنەكان بوو, بەڵام مالكی  بەپشتیوانی دەرەكی هەموو لایەنە شیعەكان بە هەمو‌و ناكۆكیەكانیانەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نیشتمانی كۆبو‌ونەوەو حكومەتیان پێكهێناو عەلاوییان لە چنینەوەی ئەو دەستكەوتە گەورەیە بێبەشكرد.  

هەموو ئاماژەكانی پرۆسەی سیاسی پێمان دەڵێت: ئەمجارەش شیعەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دیكە و بە ناوێكی دیكە و تا ڕادەیەك گۆڕانكاریی لە كاراكتەرە سیاسییەكان بگەنەوە هەمان رێككەوتن ‌و پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نوێ، كە حكومەتی نوێ زۆرینەی شیعە پێكیبهێنێت لە عێراق، دروست بكەن، چونكە لە نوێترین هەڵوێستی ئیئتیلافەكەی مالكیش سەرچاوەیەكی بەرپرسی ئەو ئیئتیلافەكە رایگەیاند: مالیكی رەزامەندیی پیشانداوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانێتییە نوێیەكەی سائیرون و فەتح، بۆ ئەوەش لەگەڵ هادی عامری كۆدەبێتەوەو ئامادەكاریی بۆ كۆبونەوەی مالیكی ‌و سەدر دەكەن.   

هەر چەندە هەر زوو یەكێتی و پارتی پیرۆزبایی گەرمیان لەرێككەوتنەكە كرد، بەڵام جگە لەوەی كە ناچێت بەشداریی خواردنی كێكەیان پێ بكرێت، ئەو ئاماژەیەشمان پێ دەڵێت كە ئەوان جگە لەخەم خواردنیان بۆ هەریسەكە، دەخوازن زوو پرۆسەكە تێپەڕێ و پرۆسەی ژماردنی دەستی دەنگەكان بێ بایەخ بكرێت ‌و كورد وەتەنی وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچن و ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنیان بۆ بچێتە سەر.  

110 جار خوێندراوەتەوە