هەرێمی كوردستان و سنورەكانی لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەی وڵاتانی ناوچەكەدان

08:19 - 13/06/2018
کوردستان

هەرێم؛ حكومەت  لە بەرامبەر لەشكركێشی وڵاتانی دراوسێ بێدەنگی هەڵبژاردووە
ئێران نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی گەیاندە حكومەتی هەرێم


كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی گەیاندە حكومەتی هەرێم، وەزیری بەرگری توركیاش رایدەگەیەنێت، تاران پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكانی وڵاتەكەی دەكات لە ناو خاكی هەرێم، عەبادیش دەڵێت: هیچ رێككەوتنێكیان نیە لەگەڵ توركیا دەربارەی لەشكركێشەكەی ئەو وڵاتە.

ساڵی 2018 ساڵێكی پڕ لە ر‌ووداوی سیاسیە بۆ هەرێمی كوردستان، لەشكركێشی توركیا و ئەگەرەكانی رووبەڕبوونەوەی لەگەڵ هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان سەرەتای ئەو مەترسیانەن كە ئەگەری هەیە قەیرانێكی سیاسی و جوگرافی بۆ هەرێم دروست بكەن.

 كە توركیا زیاتر لە 20 بنكەی سەربازی جێگیری لەناو خاكی هەرێم هەیە لە ئێستادا لەشكر كێشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، تەنها 10 كیلۆمەتر لە قەزای سۆرانەوە دوورە. 

بەرپرسانی ئەنكەرەش دەڵێن: نیازیان نیە هێزەكانیان لە ناو خاكی هەرێم بكشێننەوە، لەو چوارچێوەیەشدا نورەدین جانكلی، وەزیری بەرگری توركیا لە چاوپێكەوتنێكی ئاژانسی ئەنادۆڵو رایگەیاند: هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە تا لەناو بردنی هێزەكانی پەكەكە.

هاتنی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، تەنها لەو روەوە نابێتە مەترسی لەسەر ناوچەكە، بەڵكو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوچەكە بێ رۆڵ نیە و نابێت، لەو روەشەوە وەزیری بەرگری توركیا  دەڵێ‌، ئێران پشتیوانی خۆی بۆ هێرشەكە دەربڕیووە.

سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی سنوربەزاندنی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەگەری هێنانی هێزیان لە پلاندایە بۆ ناو هەرێم و هەروەك لە هۆشدارییەكەی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بۆ حكومەتی هەرێم كە ئاژانسی ئیرنا بڵاویكردوەتەوە و ئاماژە بەوە كراوە، تاران بەرپرسانی هەرێمیان  ئاگاداركردۆتەوە كە هێزە سەربازیەكانیان مافی بەرگری شەرعیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی و لێدانی مۆڵگەی هەرەشەكان.

ئاژانسەكە نوسیویەتی وەفدێكی كونسوڵخانەكەیان لە هەولێر بەسەرۆكایەتی ئاغای بورهانی گەورە شارەزای كونسوڵخانەكەیان سەردانی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كردووە و یاداشتی فەرمی نارەزایی كۆماری ئیسلامی ئێرانی داوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر جموجوڵی گروپە ئۆپۆزسیۆنە نەیارەكانی تاران لە چەند ناوچەیەكی سنوری.

لە چاوپێكەوتنەكەی وەزیری بەرگری توركیا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە كردووە هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە رێككەوتن لەگەڵ عێراقدا بووە و لە بەرامبەریدا رۆژی سێ شەممە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رەتیكردەوە هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ توركیا كردبێت دەربارەی لەشكركێشەكەی ئەنكەرە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی بەغدا هیچ هەڵوێستێكی جددیان لەسەر ئەو لەشكركێشیە نەبووە.

ئەم زانیاریانە ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان و سنورەكانی لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەی وڵاتانی ناوچەكەدان، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەر لەشكركێشی وڵاتانی دراوسێ بێدەنگی هەڵبژاردووە.

حكومەتی هەرێم هیچ پلانێك و فشارێكی نیە لەسەر ئەو روداوانەی كە ئەگەری روودانیان لە ئارادایە، لە ئەگەری روودانی ئەو رووداوانەشدا، ئەوا هەرێم و پێگە جوگرافییەكەی دەبنە مەیدانی جەنگێكی ماڵوێرانكەر و هاوڵاتیان هەرێمیش دەكەونە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە.

159 جار خوێندراوەتەوە