ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ٢٠ تۆمەتبار دەركرد

05:45 - 13/06/2018
عێراق
عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ٢٠ كەس دەركرد بە تۆمەتی تێوەگلان لە تەقینەوەكەی ناوچەی سەدر.

لە بەیاننامەیەكدا، عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: ئەنجوومەنەكە رێوشوێنی یاسایی گونجاوی تایبەت بە رووداوی تەقینەوەكەی ناوچەی سەدر گرتۆتە بەرو تا دوێنێ سێشەممە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ٢٠ كەس دەركردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەكە.

بەیرەقدار ئاماژەی بەوەشدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكات دەست وەرنەدەنە كاروباری دادگاكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی دەستوور كارەكانیان جێبەجێ بكەن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو تەقینەوەیەك لەناو قوتابخانەیەكی ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا روویدا و بە هۆیەوە ٢٠ كەس كوژران و ٧٠ی دیكەش بریندار بوون.

4819 جار خوێندراوەتەوە