خانەقین؛ چەكدارانی داعش بە گوللـە د‌وو كەسیان كوشت

05:10 - 13/06/2018
کوردستان

خانەقین؛ ئەو دوو كەسەی كوژراون ژن و مێردن
چەكدارانی داعش لەسەر رێگەی جەلەولا - خانەقین هێرش دەكەنە سەر حەشدی شەعبی

چەكدارانی داعش  لە یەكێك لە گوندەكانی خانەقین ژن و پیاوێكیان كوشت، لەسەر رێگەی جەلەولا - خانەقینیش هێرش دەكەنە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی.

ئەبو ئیلاف، بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە خانەقین بە KNN ی راگەیاند: شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لەسەر رێگای گوندی حسێن مەمە بۆمبێكی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقاندو‌وەتەوە، دواتریش هەڵیان كوتاوەتە سەر ئۆتۆمبێلەكە و  بە برینداری شۆفێرو سەرنشینەكەیان كوشتو‌وە.

وتیشی، ئەو دوو كەسە ژن و مێرد بو‌ون و پیاوەكە پۆلیس بو‌وە لە فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین و هاوسەرەكەشی پیشەی مامۆستا بو‌وە.

هاوكات، لەسەر رێگەی جەلەولا - خانەقین چەكدارانی داعش هێرش دەكەنە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی  سەرایە سەلامی، سەر بە حەشدی شەعبی و بۆ ماوەیەك شەڕو ر‌ووبەر‌ووبو‌ونەوە لە نێوانیاندا رودەدات.

ماوەیەكە لە سنوری گوندەكانی خانەقین و كەركوك و سەلاحەدین چەكدارانی داعش هاوڵاتیانی كاكەیی و پێكهاتەكانی تر دەڕفێنن یان دەیانكوژن، بەرپرسانی خانەقینیش هۆكارەكەی بۆ بۆشایی ئەمنی و نەبو‌ونی هێزی پێشمەرگە لە سنورەكە دەگەڕێننەوە.

1194 جار خوێندراوەتەوە