ڤیدیۆ... پاشماوەی كارگەی ئاسن و شیش دەكرێتە ناو ئاوی زێی بچوكەوە

05:15 - 23/08/2019
کوردستان

 
 هاوڵاتییانی سنوری ناحیەی ئاشتی سەر بە قەزای كۆیە, ڕایدەگەیەنن: بەهۆی سوتاندن و فڕێدانی پاشماوەی كارگەكانی دروستكردنی ئاسن و شیش بۆ ناو ئاوی زێی بچوك, مەترسیی  پیسبوون لەسەر ئاوەكە و ژینگەی ناوچەكە دروست دەكەن.

داواش دەكەن ڕێگری لەو كارە بكرێت و بەرپرسانی ئیداری سنورەكەش دەڵێن: تا ئێستا ئەو كارە بەبێ‌ مۆڵەت و ئاگاداری ئەوان كراوە, و چیتر ڕێگە نادەن كارێكی لەو شێوە لەو شوێنەدا بكرێت.
 

ئەمەی دەیبینن، شوێنێكی گەشتیارییە، لە ناحیەی ئاشتی, بەڵام دیمەنی پاشماوەی ئەو ئاسنانەی لە كارگەكانی دروستكردنی ئاسن و شیش بەهۆی ئەوەی موادی تری پێوەیە وەك ویلی ئۆتۆمبێل و كەرەستەی تر، دەگوازرێتەوە بۆ ئەم شوێنە و لێرە دەسوتێنرێن‌و دواتر ئاسنەكان بۆ كارگەكان دەگوازرێنەوە.
 
هاوڵاتییانی سنورەكە باس لەوە دەكەن، كە ئەم كارە زیانی زۆری بە ژینگەی ناوچەكە گەیاندوەو دەڵێن: شوێنەكە گەشتیارییە‌و ئاوی زێی بچوك پیس دەكات، چونكە پاشماوەكەی دەكرێتە ئاوی زێكەوە 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی دەڵێت: ئەم كارە بێ ئاگاداری ئەوان كراوەو هیچ مۆڵەتێكی رێگە پێدانیان نییە، بۆیە چیتر ناهێڵین ئەم كارە لە سنورەكەیان ئەنجامبدرێت‌ و راشیدەگەیەنێت: شوێنەكە بۆ ئەم كارە گونجاو نییە، چونكە نزیك زێی بچوكە. هاوكات  پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناحیەكە دەڵێت: لە ئێستادا كارەكەیان پێ راگرتوون بۆ ئەوەی لەو شوێنە لاببرێت.
 
شارەزایانی بواری ژینگەش، ئەم جۆرە كارە بە مەترسی گەورە لە سەر ژینگە دادەنێن، لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی نازانستی ئەنجام دەدرێت‌و هاوڵاتیانی سنورەكەش دەڵێن، ئەم كارە بە شەوان دەكرێت و نزیكەی مانگێكە هاتونەتە سەر زێی بچوك لە گوندی كانی بی لە سنوری ناحیەی ئاشتی.

678 جار خوێندراوەتەوە